* نەوژین
ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٥ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٦) کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هیچ یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان پەیام و بەیاننامەی فەرمییان بۆ ئەم بۆنەیە بڵاونەکردوەتەوە.
بەپێی بەدواداچونەکانی نەوژین، تا ئەم کاتە لەسەر ئاستی بەرپرسانی ئیداری و حکومی هەرێم، تەنها نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی بە ئەرکێکی ئەخلاقی، یاسایی و مرۆیی هەموان ناوبردوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی رابردودا، هەر لە کاتژمێرەکانی بەیانیی ئەم رۆژەدا، سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، سەرۆکی پارلەمان و بەرپرسانی دیکەی باڵا پەیام و بەیاننامەی تایبەتیان بۆ ئەم یادە بڵاودەکردەوە.
پێدەچێت بێدەنگی بەرپرسانی باڵای هەرێم پەیوەست بێت بە ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسی و دارایی نێوان هەولێر و بەغداوە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە رادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەمەش وایکردوە سەرنجی دامەزراوە باڵاکانی هەرێم لەسەر قەیرانە دارایی و سیاسییەکان بێت و پرسی ژنان پەراوێز بخرێت.