نەشمیل کتێبی 'ژەک'ـی بڵاوکردەوە؛ "نوسینی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەلماندنی بونە"
2026/11/21 , بینین : 120


* نەوژین

خانمە نوسەر؛ نەشمیل عەلی، نوێترین بەرهەمی ئەدەبی بە ناونیشانی 'ژەک: دایکە، ئێمە مرۆڤین؟' بڵاوکردەوە؛ کتێبێک کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، لە هەناوی هەشت ساڵ ئەزمونی دایکایەتی و گفتوگۆی زیندوی نێوان خۆی و دو مناڵەکەی، گەڵاڵە بوە.

ناوەڕۆک و جیاوازیی کتێبەکە

بە وتەی نەشمیل عەلی کە بۆ نەوژین رونیکردەوە، "کتێبەکە بە زمانێکی تێکەڵ لە پەخشانی هەستبزوێن و دیمەنی دیالۆگی نوسراوە و ساتە هەستیارەکانی دایکایەتی، لەگەڵ پرسیارە خۆڕسک و قوڵەکانی مناڵان لەبارەی خودا، مەرگ، توندوتیژی، رەگەز، جوانی، خۆشەویستی و مانای مرۆڤبون دەخاتەڕو".

سەبارەت بە جیاوازیی ئەم بەرهەمە لەگەڵ کتێبەکانی تری بواری پەروەردە، ئەو رونی دەکاتەوە کە "کتێبەکە وەڵامی ئامادە ناخاتە بەر دەست، بەڵکو دەرگای پرسیارکردن دەکاتەوە و عەقڵی مرۆڤ پێش بارگاویبونی بە عورف و ئایدۆلۆژیا دەردەخات".

بۆ کێ نوسراوە و لە کوێ بەردەستە؟

نەشمیل، پێی وایە هەرچەندە گێڕەرەوەکە دایکە و بۆ دایکان و باوکان بەتایبەت ئەوانەی تازە دەچنە نێو ئەم بەرپرسیارێتییەوە، بایەخێکی زۆری هەیە، بەڵام لە جەوهەردا کتێبێکی گشتییە و پەیوەستە بە پرسی مرۆڤبون ـەوە؛ "بۆیە خوێندنەوەی بۆ گەنجان، پیاوان، پەروەردەکاران و هەر خوێنەرێک کە بیەوێت بە چاوێکی ساف و راستگۆ سەیری ژیان و پەیوەندییە مرۆییەکان بکاتەوە، بە گرنگ و پێویست دەزانم".

کتێبەکە لە ٩٠ لاپەڕە پێکدێت و چاپی یەکەمی ئەمساڵ لە چاپخانەی چوارچرا چاپ کراوە و لە ئێستادا لە شاری سلێمانی، لە قاوەخانەی 'جان' لە گەڕەکی عەقاری بەردەستە، لە هەولێریش هەفتەی رابردو ناساندنی بۆ کرا.

ئەزمونی نوسین و پلانەکانی داهاتوی نوسەر

ئەم کتێبە ٦ـەمین بەرهەمی نوسراوی نەشمیل ـە، پێنج بەرهەمەکەی دیکەی ئەمانەن؛ 'لە هیچەوە: یەکەمین بەرهەمی چاپکراوی نەشمیل بو لە بواری شیعردا'، 'بەختەوەریی تاک، بەختەوەریی خێزانە: لە بواری گەشەپێدانی خودەوەیە'، 'کە بیر لە پەتاتە ئەکەمەوە، بیر لە چی ئەکەمەوە؟: کۆمەڵێک دەقی ئەدەبیی کراوە بە شێوازێکی فیکری و زمانەوانی تایبەت لە شتە رۆژانەییەکان و قوڵایی ژیان'، 'ببە بە با: کتێبی شیعری کە چاپی دوەمیشی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە و براوەی خەڵاتی ئەدەبیی 'کاڵ' بو بۆ ئەدەبی داهێنەرانە لە ساڵی ٢٠٢٤، پێنجەم بەرهەمیشی کتێبی زارا لە ناو قتوەکەیدا ـیە کە چیرۆکێکی ئەدەبی تایبەت بە مناڵانە.

سەبارەت بە داهاتوش، نەشمیل عەلی ئاشکرای دەکات کە پلانی کارکردنی لەسەر ئەدەبی مناڵانە و لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی چوار کتێبی دیکەی مناڵانە کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٧ چاپ و بڵاو بکرێنەوە؛ بە بڕوای ئەو، "دروستکردنی نەوەیەکی بیرکەرەوە و مرۆڤدۆست لە تێکستی باشی مناڵانەوە دەست پێ دەکات".

نوسین و خوێندنەوەی ژنان وەک پێداویستییەکی هۆشیاری

نەشمیل عەلی جەخت لە گرنگی ئەوە دەکاتەوە کە ژنان خوێنەری کتێبی ژنە نوسەرەکان بن و ئەمە بە پێداویستییەکی هۆشیاری ناو دەبات، نەک تەنها پرسێکی رەگەزی، دەشڵێت: کاتێک ژنێک بەرهەمی ژنە نوسەرێکی هاونیشتمانی خۆی دەخوێنێتەوە، لە دەنگ و خەم و پرسیارەکانی خۆی دەگات و هەست دەکات لە کێشە و تێڕامانەکانیدا تەنیا نییە.

دەشڵێت: هەر کاتێک ژن دەنوسێت و بڵاوی دەکاتەوە، مێژویەکی ونبو تۆمار دەکات و ئەدەبیات و مەعریفەی کوردی لە یەک‌ رەهەندی رزگار دەکات، هاوکات دەرکەوتنی ژنە نوسەران لە سەکۆکان و میدیاکاندا دەبێتە نمونەیەک بۆ کچانی نەوەی نوێ تا بزانن ژن تەنها بابەتی ناو چیرۆکەکان نییە، بەڵکو خوڵقێنەری فکر و زانست و مێژوی خۆیەتی.

زۆرترین بینراوەکان