شەدە بەشیر
ژنکوژەکان تەنیا ئەنجامدەرانی راستەوخۆی تاوانەکە نین؛ بەڵکو هەمو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگن. ژنکوژەکان ئەو دەسەڵاتدارانەن کە تا ئێستا بێدەنگییان نەشکاندوە و هەنگاوێکی جدییان نەناوە؛ هەمو ئەو لایەنانەن کە دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن بەڵام چاویان داخستوە و لەبری سەپاندنی دادپەروەری، داڵدەی بکوژ دەدەن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو رۆژی (١٧/١١/٢٠٢٦)، (٥٦) ژن ژیانیان لێ سەندراوەتەوە. بەرزبونەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان نیشانەی شکستی میکانیزمەکانی پاراستنیانە. ئەم ژمارە بەرزە کە ئامارێکی نافەرمییە و پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی تاوانەکان زۆر لەوەش زیاتر بن، ئەگەر لە هەر وڵاتێکی ئاساییدا روی بدایە کە دادگاکان تێیدا سەربەخۆن و یاسا و مافەکان سەروەرن، دەبوە مایەی شەرمەزاری و دەستلەکارکێشانەوەی ئەوانەی لە پۆستە باڵاکانی پەیوەندیدار بەم پرسەن.
ئەوەی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم ڕەشەکوژییەی ژنان پێویستە بکرێت، شەفافیەتە نەک سانسۆر؛ توێژینەوەی زانستی و کۆمەڵایەتییە نەک بێدەنگبون. پێویستە هۆکارە ڕیشەییەکانی کوشتنی ژنان، بەرپرسیارێتی دامەزراوەکان و کەموکوڕیی یاسا و سیستەمی پاراستن بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە.
حکومەت لەبری بێدەنگی و پەردەپۆشکردن، دەبێت ئامارەکان بە شێوەیەکی رون و بەردەوام بڵاوبکاتەوە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف لە هەر حاڵەتێکدا بکات. پێویستە تاوانباران روبەڕوی یاسا بکرێنەوە، سیستەمێکی کاریگەر بۆ پێشگیری و پاراستنی ژنان دابمەزرێت و بە وردی لە هۆکارەکانی بەردەوامیی کوشتنی ژنان بکۆڵدرێتەوە.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، جوڵاندنی کۆمەڵگەیە دژی ئەم دیاردەیە تاوەکو ژن کوشتن ببێتە بابەتێکی نەفرەتلێکراو. هەروەها پێویستە کەیسەکانی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان بە شەفافی بە ئەنجام بگەیەنرێن و سزای تاوانباران بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت.