مەعسومە کارگەیەکی تایبەت بە سیستەمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەڕێوەدەبات
ئەزمونی من
2026/11/16 , بینین : 75


* نەوژین، بەنان فاروق

لە سۆران ژنێک کارگەیەکی تایبەت بە ئامێر و سیستەمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کردوەتەوە، دەڵێت: ئەم کارە زیاتر حەزوخولیامە وەک لە بازرگانی، دەشڵێت: پێشوازیی باشی خەڵک هۆکاری بەردەوامبونمە.

مەعسومە ئەحمەد، لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٠ـی شاری سۆرانە و خاوەنی بڕوانامەی دوانزەی ئامادەییە؛ هاوسەرگیری کردوە و دایکی سێ مناڵە، لە بوارێکدا کار دەکات کە لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی باو بە پیشەیەکی پیاوانە دادەنرێت، ئەویش دامەزراندن و بەڕێوەبردنی کارگەیەکی تایبەت بە ئامێر و سیستەمەکانی ئاگرکوژاندنەوەیە لە شارەکەیدا.

مەعسومە، نزیکەی ١٥ ساڵە لەم بوارەدا ئەزمونی کاری هەیە، وەک خۆی باسی دەکات: "پێشتر لە چەندین بواری جیاوازدا کارم کردبو، بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ هاوسەرەکەم بڕیارمان دا کارگەی تایبەت بە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە دابمەزرێنین.

کارگەکە تایبەتە بە دابینکردنی جۆرەکانی ئامێری ئاگرکوژاندنەوە و سیستەمەکانی پاراستن لە ئاگر؛ ئەوانیش ئامێرەکانی کاربۆن دیۆکسید (CO2) و پاودەر و فۆم ـن، کە هەر یەکێکیان بەپێی تایبەتمەندی و جۆری مەترسییەکان بەکاردەهێنرێن.

سەبارەت بە شێوازی کارکردن و سەرپەرشتیکردنی کارگەکە، مەعسومە، بە نەوژینی وت: من وەک بەڕێوەبەری کارگە، رۆژانە چاودێریی کارمەندەکان دەکەم، بۆ ئەوەی کارەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن و بتوانین خزمەتێکی باش پێشکەش بکەین.

کارگەکە بەشێوازی دو شەفت کار دەکات؛ شەفتی بەیانی لە کاتژمێر ٨:٠٠ تا ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆ و شەفتی دوەم لە کاتژمێر ٢:٠٠ـی پاشنیوەڕۆ تا ٨:٠٠ـی ئێوارە. مەعسومە، دەڵێت: سەرباری ئەوەی کارەکە بەربەست و کێشەی خۆی هەیە، بەڵام پێشوازیی باشی دانیشتوانی ناوچەکە لە کارەکەمان بوەتە هۆی دڵخۆشیی و هاندانمان بۆ بەردەوامبون.

هاوسەنگکردنی کارێکی وەک بەڕێوەبردنی پڕۆژەیەکی تایبەت لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکانی خێزان ماڵەوە، هیچکات ئاسان نەبوە. مەعسومە دەڵێت: پشتگیریی بەردەوامی هاوسەرەکەم وایکردوە بتوانم بەسەر بەربەست و قورساییەکاندا زاڵ ببم.

لەبارەی بەشداریی پێکردنی ژنان لە کارگەکەی، مەعسومە، ئاماژەبەوەدەکات:  تاوەکو ئێستا بەهۆی سروشتی قورسی ئەرکەکانەوە هیچ ژنێک لە کارگەکەمدا کاری نەکردوە، بەڵام لە پلانمدایە لە داهاتودا ژنانی خاوەن توانا و لێهاتو بهێنمە ناو کارگەکەوە و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنم.

ئەم خانمە پیشەسازە، دامەزراندنی پڕۆژەکەی تەنها وەک کارێکی بازرگانی نابینێت، بەڵکو بە حەز و خولیای خۆی دەزانێت، وەک خۆیشی دەڵێت: کارگەکە جگە لەخۆم سەرچاوەی داهاتی چەندین خێزانی دیکەیە و پلانم هەیە بۆ فراوانکردنی کارەکەم و زیادکردنی کارمەند.

زۆرترین بینراوەکان