ئەرسەلان رەحمان
نوێترین تاوانی ژن کوشتن، دوێنێ لە دهۆک تۆمار کرا ژنێک بە نۆ فیشەک خەڵتانی خوێن کرا، حەوتی ئەم مانگەش تەرمی کچێکی حەڤدەساڵ لە دەربەندیخان دۆزرایەوە، لە پێنجی ئەم مانگە تەرمی ژنێک لە سەیدسادق دۆزرایەوە.
لە یەکی ئەم مانگەشدا گیان لەدەستدانی ژنێکی 22 ساڵ لە باشیک تۆمارکرا. لە 28ی مانگی ڕابردو لە شێخ تورابی نزیکی هەولێر، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، کە بەر لە گولەبارانکردنی دەستوقاچیان بەستبو. هەر مانگی ڕابردو بو، لە سلێمانی کیژانی تەمەن 30 ساڵ لە لایەن باوکییەوە کوژرا..
هەر مانگی ڕابردوو بو، لە قەزای سیمێل، کچێ بە دەستی براکەی کوژرا.. ئەم چیرۆکانە ئەڵقەی زنجیرەیەکی درێژی تاوانی ژن کوشتنن کە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
دوبارەبونەوەی ئەم تاوانانە دوای ئەو هەڵمەتە میدیاییە گوماناوییە دێت، کە دەستپێکرا بۆ کپکردنی هەواڵی تاوانەکان و شاردنەوەیان لە میدیا بە پاساوی ئەوەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ژن کوشتن، هۆکاری پەرەسەندنی حاڵەتەکان و بەدیاردە بونیانە.
دوای چەند ساڵێک لە شاردنەوەی ئامارەکانی ژن کوشتن و کپکردنی دەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان، دەرکەوت تاکتیکی شاردنەوەی تاوان، هیچ کاتێک دەستەبەری دوبارە نـەبونەوەی ناکات، بەڵکو دەبێتە هاندەری سەرەکی دوبارەبونەوەی تاوانەکان، چونکە بکوژەکان دڵنیان لەوەی بێ ئەوەی بەدناو بن و "شەرەفی بنەماڵەکەیان پاک دەکەنەوە".
ئەوانەی پشتیوانیان لە شاردنەوەی تاوان دەکرد، بە ناوی تێگەیشتن لە میدیاوە، هەقوایە لە خۆیان بپرسن، لێکەوتەی ئەو شاردنەوەیە جگە لە درێژەپێدانی تاوان و دەربازبونی تاوانباران چیتر بوە؟
دوای شکستی ئەو تاکتیکە نامرۆڤانەیە، کاتی ئەوەیە، دەرفەت بدرێت، ئامارەکان ڕۆشنایی ببینن، حاڵەتەکان بە وردی باس بکرێن، میدیا سۆراغی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دەستگیرکردنی بکوژان بکات (لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی پیشەدا)، کۆمەڵگە ئاگاداری ڕێڕەوی دادوەری بێت و تاوانبارانی ڕاستەقینە روبەڕوی دادگا بکرێنەوە، ڕێکاری کردەییانەی پێویست بۆ کۆنترۆڵی چەکی مۆڵەتدار و بێ مۆڵەت بگیرێتەبەر، تا چیتر ئەو چەکانە بە تایبەت مۆڵەتپێدراوەکان نەبنە ئامرازی سەرەکی ژن کوشتن.
ئەزمونی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەریخست، تەنیا دامەزراوە حکومەتییەکانی تایبەت بە پرسی ژن دەرەقەتی بەرەنگاربونەوەی ئەو توندوتیژییە نایەن، (کە لە سایەی: بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، شاردنەوەی ئامارەکان، ساردوسڕی لە بەدواداچونی دۆسییەکانی تاوان، لاوازبونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بێزراندنی ڕێکخراوەکان، شکاندن و تیرۆری کەسایەتیی چالاکانی ژن) تا دێت زیاتر ڕو لە هەڵکشان دەکات.
هەڵکشانی توندوتیژی بە تایبەت ژن کوشتن گەیشتوەتە ئاستێک، کە چیتر هیچ ڕێکارێکی ئەمنی توانای شاردنەوەی نیە، چونکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا ئەو حاڵەتانەی دەرفەت ڕەخساوە، وەک هەواڵ بڵاوببنەوە، گەیشتونەتە نزیکی پەنجا حاڵەتی کوژرانی ژنان، ئەمە جگە لەو حاڵەتانەی ڕۆشناییان نەبینیوە و وەک هەواڵ بڵاونەکراونەتەوە.
هەموو ئەوەی ڕوودەدات، دەرهاویشتەی ئەو پاشەکشەیەیە، کە بە کاری ڕێکخراوەیی کراوە و ئامادەیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و بیانییەکانیش سنووردار و لاواز بووە، هەروەها دادگا و ڕێکارە دادوەرییەکان بە هۆی مشتومڕە سیاسییەکان و کاریگەری ناوەندەکانی هەژمونەوە پێگەی بەهێزیان بۆ خۆیان دەستگیر نەبوە.