* نەوژین
بەهرە حەمەڕەش، توێژەری کۆمەڵایەتی، پێی وایە پاشخانی خێزانی و کەسایەتی هەر تاکێک کاریگەری لەسەر رەفتاری بەرامبەر بە ژنان دروست دەکات، دەشڵێت: ئەو کەسانەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجامدەدەن، زۆرینەیان پاشخانێکی هاوشێوە لە خێزانەکەیان هەبوە.
بە وتەی ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، بینینی توندوتیژی لە ناو خێزاندا بە جۆرێکی جیاواز کاریگەری لەسەر کچ و کوڕ دادەنێت، "کاتێک کوڕێک دەبینێت باوکی توندوتیژی دژ بە دایکی دەکات، ئەگەری زۆرە لە داهاتودا بەرامبەر خێزان و ئەو ژنانەی لە ژیانیدان توندوتیژ بێت، بەڵام ئەگەر مناڵەکە کچ بێت، دۆخەکە لە ناخیدا پەنگ دەخواتەوە و لە داهاتودا کەسێکی بێدەنگ و توشبو بە کێشەی دەرونی دەردەچێت.
بەهرە حەمەڕەش بۆ نەوژین باسی لەوەشکرد: ناسەقامگیریی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی توندوتیژین لە ناو خێزاندا. لەم جۆرە دۆخانەشدا پێویستییە کەسەکە سەردانی پزیشکی دەرونی بکات و راوێژ وەربگرێت.
سەبارەت بە باوترین جۆرەکانی توندوتیژی لە ئێستادا دژ بە کچان و ژنان، ئەو توێژەرە ئاماژە بە توندوتیژیی دیجیتاڵی دەکات و دەڵێت: "بە ئاسانی دەست پێی رادەگات"، دەشڵێت: یەکێک لە کێشە باوەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم توندوتیژیە ئەوەیە، پیاوەکە لە زۆرینەی حاڵەتەکان دەزانێت کچەکە سکاڵا تۆمارناکات.
ئاشکرایشیکرد: هۆکاری سکاڵا تۆمارنەکردنی قوربانییەکان بۆ شێوازی مامەڵەی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، کچان و ژنان زۆرجار رویان نایەت سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە کۆمەڵگە لەبری ئەوەی سەرکۆنەی تاوانبار بکات، ئیهانەی قوربانی دەکات، بۆیە لەپێناو پاراستنی کەسایەتی خۆیان، بێدەنگی هەڵدەبژێرن.