لە پەراوێزی تاوانی کوشتنی کیژان بورهان و چەند سەرنجێک لەسەر ئابڕوچونی مەلاکان
2026/11/01 , بینین : 42

 

بەهار مونزیر

لە ماوەی رابردودا چەند ئابڕوچونێک ئاشکرا بو. بڵاوکرایەوە کە مامۆستایەکی زانکۆ، کە مەلاش بو، تۆمەتبارە بە ئیستغلالکردنی چەند کچێک کە قوتابی خۆی بون. دوای ماوەیەک ئەم باسە کپ بوەوە، سەرەڕای ئەوەی پرسێکی گشتی بو، چونکە ویستێک هەبو کە کپ ببێتەوە. ئێستا هیچ شتێک ئاشکرا نییە و تەنیا بە نافەرمی دەبیستین کە دادگا کاری لەسەر دەکات. ئێمەش چاوەڕێین دادگا کارێکی دادپەروەرانەی لەسەر بکات و ئەو کەسانە دور بخەنەوە. دوای ئەمە سکانداڵی تر هاتە پێشەوە و ئەم بابەتە چوە ئەولاوە. پاشان ئابڕوچونێکی دیکە سەریهەڵدا و زۆر میدیا باسیان کرد، کە مەلایەکی تر لە شوێنێکی تر هەمان شتی دوبارە کردەوە و چەند ڕۆژێک بەرگوێمان دەکەوت و کپ کرایەوە.

لە هەمان کاتدا، ئەو مەلایانەی ئەم کارانە دەکەن، لە مینبەرەکانەوە باسی حەرام دەکەن و باسی بەدڕەوشتی گەنجان دەکەن کە پەیوەندی خۆشەویستییان هەیە. پیاو نابێت تەماشای ژن بکات و ژن دەبێت خۆی و چاویشی دابپۆشێت. ژن چی بکات تا پیاو تەماعی تێنەکات؟ کەچی خۆیان بە بێ پرنسیپی خەریکی حوورییەکانی ئەم دنیان و بەهۆی پێگەکەیانەوە بە ئاسانی ژنان ئیستغلال دەکەن، لە کاتێکدا ئەوە لە گەنجان حەرام دەکەن. بۆچی وایە؟

١/ مەلایەک، پێش ئەوەی مەلا بێت، پیاوە و وەک کیژان بورهان هەڵگری شەرەف نییە. کیژان کوژرا چونکە ژنە و لە خێزانێکی ئاساییە. پێش ئەوەی مرۆڤ بێت، ژنە و لە کۆمەڵگایەکی نەریتیی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا ژن هەڵگری شەرەفە. بۆیە لە کاتی کوشتنەکەیدا ئەوەندە تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکەی: چی کردووە، چۆن هاتووە و چۆن ڕۆیشتووە. یەک لەسەر دەی ئەو بایەخە لەسەر کیژان نەبوو وەک مرۆڤێک کە کوژراوە و تاوانێکی گەورەی بەرامبەر کرایە. مەلا لێدەردەچێت، پیاو لێدەردەچێت، بەڵام ژن باجەکەی بە ژیانی خۆی دەدات.

٢/ مەلا لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینیی بەهێزی هەیە. پێگەی مەلا هێندەی ئایینییە، دوو هێندەش کۆمەڵایەتییە و دەبێت بپارێزرێت. هەر ئەم پێگە بەهێزەیە وا دەکات کەسانێکی زۆر بەرگریی لێبکەن، هەندێکیان وتیان: «ژنەکان ژن بوونایە ئاگایان لە خۆیان دەبوو.» نەک ئەوەی ڕەخنەی توند لە پیاو یاخود پیاوی ئاینی بگیرێت.

دواجار، ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە لە کاتی کوشتنی ژنێکدا کۆمەڵگا کەسی بەرامبەر (واتە ئەو پیاوەی پەیوەندی لەگەڵ ژنێکدا هەیە) بەم پێوەرەی شەرەف ناپێوێت و کەس سەرزەنشتی ناکات. هەموومان بینیمان چۆن کیژان بورهان سەرزەنشت کرا، تەنانەت لەناو گۆڕەکەشیدا هێرشی نامرۆڤانەی کرایە سەر و هەڵسوکەوت و پەیوەندییەکەی دادگایی کرا نەک گەورەی تاوانەکە.

ئەم نەریتە لاسەنگە. دەبێت کیژان و هەموو ئەو کچ و ژنانەی تر بپارێزرێن و لەکەی شەرەف لە ژن بکرێتەوە. هەتا ئەم کوشتنانە کۆتایی پێ نەیەت و هەتا ئەم گۆڕانکارییە لە نەریتی کوردستاندا دروست نەبێت، یەکێک دەبین لەو وڵاتانەی کچان و ژنان لەسەر بەهانەی شەرەف دەکوژرێن بۆ دەیان ساڵی تر، ئەم پەڵە ڕەشە لەنێو چاوی دەسەڵاتدارانی وڵاتدا ڕەشتر دەبێت، ئەوان ژنەکان ناپارێزن بۆیە بەئاسانی ڕوودەدات، ئەوان پارێزەری سیستمی نێرساڵارییەن و دەست ئاواڵان پیاوەکان بخەن پێش خۆیانەوە و سڵاوی گەرمیان لێبکەن...

هەروەها، ئەو کەسانەی بە ناوی ئایینەوە بازرگانی دەکەن دەبێت دەستیان ئاشکرا بکرێت، تا ئەو دەسەڵاتەیان نەمان و وەک سەرچاوەی ئایینی سەیر نەکرێن. ئەگەر چەند کەسێکیان سزا بدرێت، سنوورێک بۆ ئەم بێڕێزییە بە ژن دادەنرێت و بە ناوی ئایینەوە ئیستغلال لە کچان و ژنان ناکرێت. پێگەی ژن دەبێت بەهێز بێت و مافی یەکسانی هەبێت، تا ژنان وەک مێروولە نەکرێنە ژێر پێ و نەکوژرێن.»

زۆرترین بینراوەکان