* نەوژین
ماوەی سەرۆکایەتی ئەمینداری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرەو کۆتایی دەچێت و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوی ٨٠ ساڵەی رێکخراوەکەدا، ئەم پۆستە بە ژنێک ببەسترێت، بەم بۆنەیەشەوە پێنج ژن کاندیدن.
هەریەک لە؛ ماریا فێرناندە ئێسپینۆسا، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئیکوادۆر، ریبێکا گرینسپان، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆنکتاد، لانا زەکی نوسەیبە، وەزیری دەوڵەت لە ئیمارات، کارۆلین ڕۆدریگێس بیرکێت، وەزیری پێشوی دەرەوەی گویانا و ئیڤۆن ئاباکی، دیپلۆماتکاری ئیکوادۆری، پێنج کاندیدە ژنەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان.
لە کاتێکدا ئەم کاندیدە ژنانە خاوەنی سەنگ و ئەزمونێکی زۆری دیپلۆماسین و لەلایەن چەندین رێکخراو و وڵاتەوە پشتیوانی بەهێزیان لێدەکرێت، لە بەرامبەردا ٤ کاندیدی پیاویش ناویان لە کێبڕکێکەدا هەیە و لەلایەن بەشێک لە وڵاتانی ئەندامەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.
بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتییەوە یەکلا ببێتەوە و ئەمینداری نوێ لە ۱ـی کانونی دوەمی ٢٠٢٧ بە فەرمی دەستبەکار بێت.