مدەوەنەی جەعفەری دوای ساڵێک؛ "وەرگرتنەوەی مناڵ لە دایک ترسناکترین مەترسییە"
ھەواڵ
2026/10/26 , بینین : 34


* نەوژین

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر خستنەبواری جێبەجێکردنی 'مدەوەنەی جەعفەری' لە عێراق، چالاکوانێکی ژنان باس لە کاریگەرییەکانی دەکات و دەڵێت: وەرگرتنەوەی مناڵ لەدایک مەترسیدارترین بڕگەی یاساکەیە و بەهۆیەوە چەندین ژن لەگەڵ مناڵەکانیان عێراقیان جێهێشتوە، دەشڵێت: هیچ رێگریەک نییە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان.

مدەوەنەی جەعفەری، کە کۆمەڵێک بنەمای فیقهی مەزهەبی شیعە بۆ رێکخستنی کاروباری باری کەسێتی (هاوسەرگیری، جیابونەوە و بەخێوکردنی مناڵ) لەخۆدەگرێت، هەر لە قۆناغی پرۆژەیاسایەوە بوە جێی رەخنەی توندی چالاکوانانی ژنان بەهۆی قەتیسکردنی مافەکانی ژنان. سەرباری ناڕەزایەتییەکان، یاساکە پەسەند کرا و لە ٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی عێراق) بڵاوکرایەوە و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبارەی دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی یاساکە لەماوەی ساڵێکدا، رازاو محەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، بە نەوژینی راگەیاند: لەماوەی ئەم ساڵەدا تێگەیشتوین کە وەرگرتنەوەی مناڵ گەورەترین و ترسناکترین مەترسی ئەم مدەوەنەیەیە، بە جۆرێک کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دایکانی توشی نەخۆشیی دەرونی کردوە. 

باسی لەوەشکرد، هەرچەندە ئاماری فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، لەنێوان ٦٠٠ بۆ ٨٠٠ ژن لە ترسی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەسەریان، لەگەڵ مناڵەکانیاندا هاتونەتە هەرێمی کوردستان.

ئاماری هاوسەرگیری بەپێی ئەم یاسایە تۆمارناکرێت

لەبارەی ئاماری ئەو هاوسەرگیریانەی کە بەپێی ئەم مدەوەنەیە ئەنجامدراون، کە بەشێکیان هاوسەرگیری پێشوەختەن، رازاو محەمەد رونیکردەوە: ئەوانەی بەم مدەوەنەیە هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، ناگەڕێنەوە بۆ دادگا و تەنها لەلای پیاوێکی ئاینی مارەکردنەکە ئەنجامدەدەن، هەر بۆیە هیچ ئامارێکی فەرمیی تایبەت بەمە نییە. 

خاڵێکی دیکەی یاساکە کە چالاکوانان لێی نیگەرانن، ئەوەیە کە ئەو هاوسەرگیریانەی پێش دەرچونی یاساکەش تۆمارکراون، پیاوەکە دەتوانێت بێ ئاگادارکردنەوەی ژنەکە، هاوسەرگیرییەکەی بخاتە سەر ئەم مدەوەنەیە و لەکاتی جیابونەوەشدا مناڵەکانی لێ بسەنێتەوە؛ رازاو محەمەد بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "ئەم یاسایە هیچ مافێکی بۆ ژنان نەهێشتوەتەوە".

هیچ رێگریەک نییە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان، رازا محەمەد، وتی: لە ئێستادا هیچ رێگرییەکی فەرمی لەلایەن پارلەمان و حکومەتی هەرێمەوە نییە بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە نە پارلەمانێکمان هەیە تا بڕیار بدات تەنها کار بە هەمواری یاسای باری کەسێتی (ژمارە ١٥ـی ساڵی ٢٠٠٨) ـی هەرێمی کوردستان بکرێت و نە حکومەتێکیشمان هەیە بتوانێت بە فەرمی جێبەجێکردنی رەد بکاتەوە. 

بە وتەی ناوبراو، کەسێکی شیعە مەزهەب لە کوردستان دەتوانێت مامەڵەی پێوە بکات، مەگەر دادگاکانی هەرێم رەدی بکەنەوە، کە لەم حاڵەتەشدا ئەگەری هەیە کەسەکە سکاڵا دژ بە دادگاکان تۆمار بکات بە تۆمەتی جێبەجێنەکردنی یاساکە.

زۆرترین بینراوەکان