* نەوژین
لە کۆی ٢٣ وەزارەت و سێ جێگری سەرۆک وەزیران کە بۆ حکومەتی نوێی عێراق هەڵبژێردراون، جگە لە وەزیری ژینگە سەرجەم پۆستەکان بە پیاوان دراون، لە کاردانەوەدا، چالاکوانێکی ژنان دەڵێت: "ئەوان هەر بەم جۆرە لە هاوبەشی تێدەگەن".
شەوی رابردو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بەو وەزیرانە بەخشی کە لە دانیشتنی پێشو کە رۆژی ١٤ـی ئایاری ئەمساڵ بو متمانەیان پێنەدرابو، ئێستا کۆی گشتی ئەو وەزارەتانەی وەزیرەکانیان یەکلابوەتەوە، ٢٣ وەزارەت و سێ جێگری سەرۆک وەزیرانن، تەنها یەک وەزارەت ماوە متمانە بە وەزیرەکەی ببەخشرێت لەگەڵ جێگری چوارەمی سەرۆک وەزیران.
لەکۆی ئەم پۆستانە، تەنها متمانە بە یەک ژن بەخشراوە، کە ئەویش سروە عەبدولواحیدە، کە پۆستی وەزارەتی ژینگەی عێراقی پێ سپێردراوە، لەکاردانەوەدا، خانمە چالاکوان و ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ رێزان شێخ دلێر، لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی: دەستان خۆش بێت، حکومەتێکی تەواو پیاوسالارانە... سێ جێگری پیاو و تەنها وەزیرێکی ژن ئەویش وەکو 'کۆتا'، بە تەنزەوەش نوسیویەتی: نوێنەرایەتییەکی زۆر دادپەروەرانەیە بۆ نیوەی کۆمەڵگە، ئەوان هەر بەم جۆرە لە هاوبەشی تێدەگەن".
هەر لەمبارەیەوە پێشتر، بەرزی ئەزمەڕ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نەوژینی وتبو: "لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا سەدان ژنی پسپۆڕ، دکتۆر، پارێزەر، دادوەر و ئابوریناس هەن؛ هۆکاری ئەوەی لە پۆستە گرنگەکان داناندرێن نەبونی ئیرادەی سیاسییە لای سەرکردایەتی قەوارەکان".
وەک چارەسەری ئەم دۆخەش، ئاماژەی بەوەکردبو: چارەسەر ئەوەیە کۆتای ژنان بە یاسا لەناو دامەزراوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشدا، هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەران جێگیر بکرێت.