گرفتەکانی ژنانی گوندەکانی راپەڕین؛ لە خوێندن و کارکردنەوە تا کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی
2026/10/14 , بینین : 68


* نەوژین، هاوژین محەمەد

لە گوندەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین، ژنان و کچان رۆژانە بڕێک لە قورسترین ئاستەنگەکانی ژیان دەچێژن؛ لە نەبونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی تەندروستی و هاتوچۆوە، تا دەگاتە رێگرییە کلتورییەکان لە بەردەم تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ و دیاردەی بەشودانی پێشوەختە، چالاکوانێکی ژنان دەڵێت: چارەسەری ئەم کێشانە بە هۆشیاری و پاڵپشتیکردنیان دەبێت.

بەپێی وتەی چالاکوانان و دانیشتوانی ناوچەکە، ئەگەرچی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەرامبەر مافەکانی ژنان بەراورد بە رابردو بەرەو باشتربون چوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە ژنانی گوندنشین لە بنەڕەتیترین مافەکانیان بێبەشن.

نەبونی بنکەی تەندروستی گونجاو و هۆکاری گواستنەوە، یەکێکە لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی ژنانی گوندنشین، ئامینە مەولود (٥٥ ساڵ)، دانیشتوی گوندی زەنگڵان ـە لە رانیە، لەبارەی ئەم گرفتەوە دەڵێت: "بە سێ چوار گوند خەستەخانەیەکمان هەیە، ئەویش هەمو رۆژێک دکتۆری لێ دانانیشێت، ئێمەی ژنان کاتێک توشی کێشەیەک دەبین، ناچار دەبێت بۆماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەین، هەرچەندە چاوەڕوانیەکەشمان بێ سودە و بۆ فەحس و سۆنەر هەر دەبێت بچینە شار.

ئامینە مەولود، لەبارەی گرفت و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم کچانی گوندەکەیشی دەڵێت: خەتەنەکردنی مێینە کە پێشتر باو بو ئێستا نزیکبوەتەوە لە نەمان، بەڵام سەبارەت بە بەشودانی پێشوەختە هێشتا چەندین خێزان هەن کە بیرکردنەوەیان وایە، دەبێت کچ لە تەمەنێکی کەمەوە هاوسەرگیری بکات.

گرفتێکی دیکە رێگریکردنە لە خوێندنی کچان

لەگەڵ ئەوەی خەونی زۆرینەی کچانی گوند بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆیە، بەڵام ئەم خەونە بۆ کچان پڕ لە ئاڵنگارییە، بەخشندە شەریف، خوێندکارێکی دانیشتوی گوندێکی سنوری رانیەیە، لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئێمەی کچانی گوند زۆر جار بەهۆی قسەی کۆمەڵگەوە ناچار دەکرێین قۆناغی زانکۆ تەواو نەکەین، هێشتاش لای بەشێک لە خێزانەکانی ئێرە خوێندنی کچ عەیبەیە.

لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگارییانەدا، هەندێک دایک و باوک باج دەدەن، تاوەکو کچەکەیان بتوانێت خوێندن تەواو بکات، ئامینە مەولود ئەزمونی خۆی وەک دایکێک دەگێڕێتەوە: "هەمو کات پشتیوانی کچەکانم بوم بخوێنن، نەک تەنها خوێندن بەڵکو رێگەم داون کاریش بکەن، کچێکم ئێستا کاری راگەیاندن دەکات، لەسەر ئەمە قسەی زۆرم هاتوەتە سەر، بەڵام من بەردەوامم لە هاندانی کچەکانم بۆ خوێندن و کارکردن، چونکە دەزانم بەبێ هەبونی ئابوری سەربەخۆ کچەکان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

چارەسەرکردنی کێشەی ژنانی گوندنشین پێویستی بە هەماهەنگی هەیە

فرمێسک رزگار، کە چالاکوانی بواری ژنانە، باسلەوە دەکات: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کچان و ژنانی گوندنشین، هەماهەنگی نێوان حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر گرنگە، دەشڵێت: بۆ چارەسەرکردن تەنها هاوسۆزی نابێت، بەڵکو دەبێت ماف، پشتیوانی و دەرفەتیان بۆ دەبینبکرێت.

فرمێسک، کە هاوکات فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی راپەڕین، ئاماژە بەوە دەکات: یەکێک لە کارەکان کە کراوە و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە، هۆشیارکردنەوەی گوندنشینانە لە مافەکانی ژنان.

 

زۆرترین بینراوەکان