* نەوژین
خانمە چالاکوانێک دەڵێت: لەنێو گوندەکانی سنوری گەرمیان، هاوسەرگیری پێشوەختە رو لە هەڵکشانە و هۆکاری ئەمەش، نەبونی خوێندنگە و کارە لەنێو گوندەکان، دەشڵێت: بەشی زۆری ئەم هاوسەرگیریانەش بە جیابونەوە کۆتاییان دێت.
لەیلا ئەحمەد، چالاکوان و ئەندامی رێکخراوی 'ئەدوی' لە گەرمیان، کە چالاکییەکانیان تایبەت بە ناوچە گوندنشینەکانە، لەبارەی دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە دەڵێت: ئەم جۆرە هاوسەرگیریە بەردەوام هەر هەبوە، بەڵام لە ئێستادا و بەپێی ئەو بەدواداچونانەی ئێمە دەیکەین، پێمانوایە ئامارەکانی لەنێو گوندەکانی سنوری گەرمیان رو لە بەرز بونەوەیە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبونی ئەم ئامارە، ناوبراو دەڵێت: هۆکاری سەرەکی نەخوێندنی کچانە، کچان لە گوندەکان تەنها قۆناغە سەرەتاییەکان دەخوێنن و بە هۆی نەبونی خوێندنەی ئامادەیی بەشی زۆریان ناتوانن بەردەوام بن، کە خێزانەکانیش دەبینن، کچەکەیان لە ماڵەوەیە هەر کە هەندێک باڵای بەرز ببێت پێیانوایە کاتی بە شودانیەتی و هاوسەرگیری پێدەکەن.
لەیلا ئەحمەد، دەشڵێت: لە بنەڕەتدا دەتوانین بڵێین هۆکاری نەخوێندنی کچەکە و بە شودانیشی هەر پەیوەندیدارە بە خراپی دۆخی ئابوری خێزانە گوندنشینەکان، چونکە خێزانەکان ناتوانن بۆ خوێندن کچەکانیان بنێرنە دەرەوەی گوندەکان و کە لە ماڵەوەش دەبن، بە بیانوی ئەوەی ناتوانن بەخێویان بکەن، بە شویان دەدەن.
لایەنی یاسایی ئەم کێشەیە
لەڕوی بنەمای یاساییەوە بەپێی مادەی (٧)ـی یاسای باری کەسێتی مەرجە کە کەسی هاوسەرگیر تەمەنی ١٨ ساڵ بێت و رێگە بە پێشێلکردنی ئەم تەمەنە نادرێت، تەنها لە حاڵەتی دەگمەن نەبێت کە دادوەر دەسەڵاتی یاسایی پێ دراوە لە تەمەنی ١٦ ساڵی، بە مەرجی پێگەیشتنی پزیشکی و رەزامەندیی باوک رێگە بدات.
"کۆتایی هاوسەرگیری پێشوەختە جیابونەوەیە"
لەیلا ئەحمەد، لەبارەی دەرئەنجامەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە دەڵێ: بە زۆری هاوسەرگیری پێشوەختە بە جیابونەوە کۆتایی دێت؛ چونکە لەڕوی دەرونی و جەستەیییەوە ئامادە نیین بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی هاوسەرگیری.
لە کۆتاییدا، وەک چارەسەر لەیلا ئەحمەد جەخت دەکاتەوە کە "دەبێت خەڵک لەڕێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن، حکومەت و رێکخراوەکانەوە هۆشیار بکرێنەوە".