هەڵمەتێک بۆ دژایەتیکردنی کوشتنی ژنان: کوشتنی ژن تاوانە نەک کێشەی خێزانی
ھەواڵ
2026/10/22 , بینین : 46


* نەوژین

هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا رەخنە دەگرێت لەوەی کەیسی کوشتنی ژنان بەناوی کێشەی خێزانیەوە بێ بەها دەکرێت.

لە بەیاننامەکەدا، هەڵمەتەکە کوشتنی کیژان بورهانی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن باوکییەوە بە توندی سەرکۆنە دەکات و داوای دادپەروەری بۆ ئەم دۆسیەیە و تەواوی دۆسیەکانی دیکەی کوشتنی ژنان دەکات.

ئاماژە بەوەش دەکەن: "هیچ پاساوێک، نەریتێک یان ناکۆکییەکی خێزانی مافی کوشتنی ژن بە هیچ کەسێک نادات؛ ژنان موڵکی کەس نین و مافی ژیان و ئازادییان مافێکی بنەڕەتییە".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ناونانی کوشتنی ژنان بە کێشەی خێزانی یان ناکۆکی کەسی رەد دەکەینەوە، چونکە ئەم دەستەواژانە راستی تاوانەکە دەشارنەوە و مەترسیی ئاساییبونەوەی توندوتیژی زیاد دەکەن.

سەبارەت بە رۆڵی راگەیاندنەکانیش داوا لە میدیاکان دەکەن، بە بەرپرسیارییەوە هەواڵی ئەم تاوانانە بڵاوبکەنەوە و خۆیان لە پاساوهێنانەوە بپارێزن. هاوکات داوا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکەن: "رێکاری جدی بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی بگرنەبەر".

هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، هەڵمەتێکی درێژخایەنە کە کار بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان دەکات؛ لەلایەن تۆڕی هەشتی مارس ـەوە رێکخراوە، کە تۆڕێکی هاوبەشی چەند رێکخراو و چالاکوانێکی بواری داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و ژنانە.

زۆرترین بینراوەکان