چوار ژن بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتو حکومەتی سوید بەڕێوەدەبەن
ھەواڵ
2026/09/17 , بینین : 57


* نەوژین

بۆ یەکەمجار لە مێژوی وڵاتەکەدا، چوار ژن بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتو حکومەتی سوید بەڕێوەدەبەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە ئەو چوار حزبه هاوپەیمانەی زۆرترین دەنگیان هێناوە، سەرۆکەکانیان ژنن.

دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی گشتی سوید و کۆتاییهاتنی پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان، بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ بە سەرۆکایەتی مەگدالێنا ئاندرشۆن سەرکەوتنی بەدەستهێنا و توانی زۆرینەی کورسییەکانی پارلەمان، مسۆگەر بکات.

بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن ١٧٦ کورسییان لە کۆی ٣٤٩ کورسیی پارلەمان بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا بەرەی دەسەڵاتداری پێشو ١٧٣ کورسیی بەدەستهێناوە. ئەم سەرکەوتنەی ئۆپۆزیسیۆن بوە هۆی دەست لەکارکێشانەوەی ئۆلف کریستەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی پێشو؛ مەگدالێنا ئاندرشۆن، سەرۆکی پارتی سۆسیالدیموکرات، دەستیکرد بە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

سەرکردایەتییەکی ژنانە لە لوتکەی دەسەڵات دا

خاڵی سەرنجڕاکێش و مێژویی لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە سەرۆکی ئەو چوار پارتەی پێکهێنەری بەرەی ئۆپۆزیسیۆن (کە پێکەوە حکومەت دەبەن بەڕێوە) هەمویان ژنن. بەم شێوەیە؛ مەگدالێنا ئاندرشۆن، سەرۆکی پارتی سۆسیالدیموکرات، کە گەورەترین پارتی سەرکەوتوی هەڵبژاردنە، نۆشی دادگۆستار، سەرۆکی پارتی چەپ، ئەمەندە لیند؛ سەرکردەی پارتی ژینگە، موهارەم دەمیرۆک، سەرۆکی پارتی سەنتەر.

بەم پێیەش بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتو، کارگێڕی و سەرکردایەتی حکومەتی سوید لەلایەن ئەم چوار ژنەوە بەڕێوە دەچێت، کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ پێگەی ژنان لە کایەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا هەژمار دەکرێت.

زۆرترین بینراوەکان