دو ژنە دەرهێنەر باشترینی فیستیڤاڵی سینەمایی ڤێنیسیا بون
2026/09/14 , بینین : 38


* نەوژین

لە خولی ئەمساڵی فیستیڤاڵی سینەمایی ڤێنیسیا دا، دو ژنە دەرهێنەر بە بەدەستهێنانی خەڵاتی سەرەکی و باشترین فیلمی کورت، مێژویەکی دیکەیان بۆ رۆڵی ژنان لە سینەمای جیهانیدا تۆمار کرد؛ یەکێکیان شێری زێڕینی بردەوە و ئەوی دیکەشیان باشترین فیلمی کورتی بەشی ئافاقی پێ بەخشرا.

لە گرنگترین روداوی فیستیڤاڵەکەدا، فیلمی «ژنێکی نەناسراو» لە دەرهێنانی خانمە دەرهێنەری میسری - دانمارکی (مای ئەلتوخی)، خەڵاتی شێری زێڕینی بۆ باشترین فیلم بردەوە. بەمەش بوە تەنها ژن کە بە تەنیا فیلمێکی درێژی سینەمایی لە ناو ٢١ فیلمی رکابەر لە پێشبڕکێی فەرمی دا دەرهێنابێت. 

روداوەکانی فیلمەکە لە دانیمارک دوای کۆتایی هاتنی داگیرکاریی نازی دەسوڕێنەوە و باسی ژنێک دەكەن کە روبەڕوی مەترسیی ئاشکرابونی پەیوەندییە خۆشەویستیەکەی پێشوەکەی لەگەڵ سەربازێکی ئەڵمانی دەبێتەوە؛ ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە (ماتیلد ئارسل) جامی ڤۆلپی بۆ باشترین خانمەکتەر بەدەست هێنا.

لە لایەکی ترەوە، دەرهێنەری لوبنانی-مەغریبی (شادن سەفیەدین) خەڵاتی باشترین فیلمی کورت لە بەشی ئافاقی (ئۆریزۆنتی) لە هەمان فیستیڤاڵدا بەدەست هێنا، لە بەرامبەر فیلمەکەی بە ناوی (ساتەکانی خۆشی). فیلمەکە باس لە دەرهێنەرێکی نیشتەجێی پاریس دەکات کە لە دورەوە و لە بەردەم شاشەکاندا، بەرامبەر گرتە ڤیدیۆییەکانی بۆردومانی وێرانکەری لوبنان هەست بە دەستەوەستانی دەکات.

فیستیڤاڵی سینەمایی ڤێنیسیا، کۆنترین فیستیڤاڵی جیهانییە کە ساڵی ١٩٣٢ لە ئیتالیا دامەزراوە. ئەم فیستیڤاڵە شانبەشانی کەننا و بێرلین، یەکێکە لە سێ گرنگترین و بەناوبانگترین فیستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا.

زۆرترین بینراوەکان