* نەوژین
ژمارەیەک لە رێکخراوی ژنان، چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ بەرگرتن لە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردوە، سەرەتای هەڵمەتەکە بە هەردو هاشتاگی؛ #من_دژی_کوشتن_و_خۆسوتاندنی_ژنانم و #بێدەنگ_مەبە_لەگەڵمان_بە، دەستیپیکردوە.
لەبارەی وردەکارییەکانیەوە، چرۆ عەلی، پارێزەر لە رێکخراوی ئەدوی، کە رێکخراوەکەی بەشداربوە لە هەڵمەتەکە، بە نەوژینی راگەیاند؛ هەڵمەتەکەمان چالاکی زۆری تێدا دەبێت و بڵاوکردنەوەی هاشتاگەکان وەک دەستپێک و ناساندنی هەڵمەتەکەیە، وتیشی: هەڵمەتەکە درێژخایەن دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامی دەبێت.
باسیلەوەسکرد، ئامانج لێی دروستکردنی بزوتنەوەیەکی سەرانسەرییە بۆ رزگارکردنی ژنان لە توندوتیژی، کوشتن، سوتان و خۆسوتاندن لەکوردستان، داواش لەهەمو ئەو کەسانە دەکەین لە باوەڕیان بەیەکسانیی ژن و پیاو هەیە، پشتیوانی هەڵمەتەکە بکەن بۆ بەرگرتن لە رەشەکوژی ژنان.
هەڵمەتەکە، لەلایەن تۆڕی هەشتی مارس ـەوە رێکخراوە، کە تۆڕێکی هاوبەشی چەند رێکخراو و چالاکوانێکی بواری داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و ژنانە.