توێژینەوەیەک؛ خانمان زیاتر توشی ئەكزیما دەبن
رەنگاڵە
2026/09/13 , بینین : 48


* نەوژین

توێژینەوەیەكی پزیشكی نوێ لە هەولێر دەریدەخات، رێژەی توشبون بە نەخۆشیی ئەكزیما لەنێو خانماندا بەرزترە، وەک خۆپارێزیش ئاماژەبەوەدەکات؛ دوربکەونەوە لە بەکارهێنانی سابونی توندو و خۆشۆرین بە ئاوی زۆر گەرم.

توێژینەوەكە بە سەرپەرشتی د. بان ئەنتۆن، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست ئەنجام دراوە و تێیدا دەردەكەوێت ٦٩٪ـی توشبوانی ئەكزیما لە شاری هەولێر خانمانن.

ئەکزیما چیە؟

ئەکزیما جۆرێکە لە هەوکردنی درێژخایەنی پێست (نەک نەخۆشییەکی گوازراوە)، کە تێیدا چینی پارێزەری پێست لاواز دەبێت و ناتوانێت شێ راگرێت. ئەمەش وادەکات پێستەکە توشی وشکبونەوە، سوربونەوە، قڵیشان و خورانێکی زۆر توند، ببێتەوە. حاڵەتەکە جێگیر نییە، زۆرکات بەهۆی هۆکاری وەک ئاوی گەرم، سابونی توند، یان وشکایی کەشوهەوا ناوبەناو هەڵدەسێت و توند دەبێتەوە.

ئامارەکانی توێژینەوەکە

بەپێی ئامارەکانی نێو توێژینەوەکە، توشبوەکان؛ ٥٤٪ـیان كەسێكی دیكەیان لە خێزانەكەیاندا هەمان نەخۆشیی هەبوە و ٤٨.٥٪ـیان جۆرێكی دیكەی هەستیارییان وەك رەبۆ یان هەستیاریی لوت ـیان لەگەڵدا بوە.

رێگری و پاراستنی پێست

توێژینەوەکە وەک رێگای خۆپارێزی ئاماژە بەوە دەكات، پاراستنی پێست لە وشكبونەوە یەكەم هەنگاوە بۆ رێگری لە نەخۆشییەکە، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت دەکاتەوە لە؛ بەکارهێنانی كرێمی شێداركەرەوە، بە دوربون لە خۆشۆردن بە ئاوی زۆر گەرم، دورکەوتنەوە لە سابونی كیمیایی بەهێز، چونكە چەوریی سروشتیی پێست لەناودەبەن و نەخۆشییەكە توندتر دەكەنەوە.

زۆرترین بینراوەکان