* نەوژین، رۆشنا سالح
ماوەی سێ ساڵە ژنێک بەڕێوەبەرایەتی کارو راهێنانی پیشەیی هەڵەبجە بەڕێوەدەبات، بە وتەی خۆی لەم ماوەیەدا، زیاتر لە هەزار گەنجی هەڵەبجە کە زۆرینەیان خانمانن لە خولەکانیان سودمەند بون، هەروەها باسلەوەشدەکات، بۆ رێگریکردن لە پیسبونی ژینگە، کارێکی جیاوازی لەنێو بەڕێوەبەرایەتیەکەی ئەنجامداوە.
تارا محەمەد، کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کارگێڕی بانک و زمانی ئینگلیزی و ١٢ ساڵ ئەزمونی لە بانکی هەڵەبجە هەیە، سێ ساڵە وەک یەکەم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی دەستبەکاربوە.
کاتێک بۆشاییەک دەبێتە دەرفەت بۆ پێشەنگایەتی ژنان
چۆنیەتی وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن تارا محەمەدەوە، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی پڕ لە حەز و پەرۆشی بۆ خزمەتکردن، کاتێک بۆشاییەکی گەورە لەو بوارەدا لە هەڵەبجە هەستی پێکرا، تارا وەکخۆی دەڵێت: "بە پەرۆشی و خۆشحاڵییەوە هەنگاوم نا بۆ ئەوەی ببمە یەکەم بەڕێوەبەر بۆ خزمەتکردنی گەنجان، کرێکاران و کاسبکاران".
وێڕای بەرپرسیارێتییە قورسەکانی کارگێڕی، تارا توانیویەتی هاوسەنگییەکی لەنێوان کاری ئیداری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا رابگرێت و تێکەڵاوی لەنێوان کارەکانیدا دروست نەکات. دەشڵێت: بۆ ئەمە خانمانی دیکەی نێو دامەزراوە حکومیەکانی هەڵەبجە هاوکارم بون و ئەوان ئیلهام بەخشن بۆم، هاوکات، پشتگیریی خێزانەکەم هۆکارێکی سەرەکیە بۆ بەردەوام بونم.
خزمەتکردن بە بازاڕی کار و ئامارەکان
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە دو بەشی سەرەکی پێکدێت 'کار و راهێنان'، کە ئەرکەکانیان بەمشێوەیە؛ بەڕێوەبەرایەتی کار: جێبەجێکردنی یاسای کار، پشکنینی مەیدانی بۆ دۆخی کرێکاران لەڕێگەی پشکنەرەکانەوە، پێدانی مۆڵەتی کارکردن (ئیقامە) بە کرێکاری بیانی و پەسەندکردنی گرێبەستەکان. بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەیی: کردنەوەی خولی بێبەرامبەر بە پشتبەستن بە خواستی بازاڕی کار و ئەنجامی نایاب.
لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا کە تارا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکەیە، ١٠٣٧ فێرخواز (کە ٣٥٧ـیان نێر و ٦٨٠یان مێ بون) لە خولەکاندا سودمەند بون و بڕوانامەی نێودەوڵەتییان پێدراوە. لەمیانەیەدا، رێژەی بەشداری خانمان گەیشتوەتە ٦٠٪ و پیاوان ٤٠٪، کە بە وتەی تارا، "زۆرترین خواستی خانمان لەسەر خولەکانی درومان، شیرینی و ئارایشت ـە".
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، کە بوەتە مایەی سەرنجی سەردانیکەران، ئەوەیە کە هیچ جۆرە پلاستیکێک لەناو فەرمانگەکەدا بەکارناهێنرێت، تارا محەمەد، دەڵێت: بەڕێوەبەر و سەرجەم ستافەکە بە کۆی دەنگ بڕیارماندا بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، تەندروستی خۆمان و بەفیڕۆنەدانی سامان، ئەم کلتورە جوانە بکەنە بنەمای کارکردنی رۆژانەمان.
ئاڵەنگارییەکان و دیدگای داهاتو
سەرباری سەرکەوتنەکان، بە وتەی تارا محەمەد، بەڕێوەبەرایەتییەکە روبەڕوی چەند کۆسپێک بوەتەوە لەوانە؛ نەبونی بودجەی پێویست بۆ هێنانی راهێنەر، کورتی میلاک و کەمیی کەرەستە. لە لایەکی دیکەوە، نەبونی هەلی کاری شایستە بۆ گەنجان بەهۆی لاوازی کەرتی تایبەت لە شارەکەدا، کە بە وتەی تارا "گەورەترین نیگەرانییە".