* نەوژین
ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM)، دەرفەتێکی هاوکاریی دارایی بەبێ گەڕاندنەوە بۆ پاڵپشتیکردن و فراوانکردنی کارە بچوک و مامناوەندەکانی خانمان لە سنوری پارێزگای هەولێر رادەگەیەنێت.
بەپێی راپۆرتێک کە ژوری بازرگانی هەولێر بڵاویکردوەتەوە، بڕی هاوکارییە داراییەکە لە (٦,٥٠٠,٠٠٠) شەش ملیۆن و نیو تاوەکو (٣٩,٠٠٠,٠٠٠) سی و نۆ ملیۆن دینار دەبێت و پرۆسەی تۆمارکردنی پڕۆژەکان لە ٢٣ـی ئاب ـەوە دەستپێکردوە و تاوەکو ١٠ـی ئەیلول بەردەوام دەبێت.
پێوەر و مەرجەکانی شایستەبون
ئەو پڕۆژانەی دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، دەبێت چەند مەرجێکیان تێدابێت و هەر پڕۆژەیەکی ناشایستە رەد دەکرێتەوە:
١. پێویستە پڕۆژەکە لەلایەن ژنێکی عێراقییەوە خاوەندارێتی و بەڕێوەببرێت و خاوەنی ناسنامەی ژوری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بێت.
٢. پڕۆژە تازە دامەزراوەکان (کە کەمتر لە یەک ساڵە کاردەکەن): پێویستە لە بەرنامەیەکی کارسازی (پڕۆژەسازی) دەرچوبن و لانی کەم نمونەیەکی سەرەتایی کارایان هەبێت.
٣. پڕۆژەکانی قۆناغی سەرەتایی و پڕۆژە کاراکان (زیاتر لە یەک ساڵ): پێویستە لانی کەم یەک کرێکاریان هەبێت و بونی فرۆشی راستەقینە یان دروستکردنی داهات بسەلمێنن.
ئەو جۆرە پڕۆژانەی هاوکارییەکە نایانگرێتەوە: شتومەکی سەربازی یان چەک، پلاستیکی یەکجار بەکارهاتو، ماددە زیانبەخشەکان (بۆ نمونە: کحول، توتن، ڤەیپ و شیشە) و ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان.
بۆ پێشکەشکردنی زانیاری و تۆمارکردنی پڕۆژەکان، خانمانی خاوەنکار دەتوانن لەڕێی ئەم بەستەرەوە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن:
https://ee.kobo.iom.int/x/hMiFAuM7