* نەوژین
خانمە چالاکوان و سیاسەتوانی کورد، کۆچەر وەڵەدبەگی، لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دیموکراتی سوید بۆ ئەنجومەنی شارەوانی شاری یۆتۆبۆری کاندیدە.
کۆچەر وەڵەدبەگی کە خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانە و لە ناوچەی هەورامان لەدایک بوە، چەندین ساڵە لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەژی. ئەو جگە لە کاری سیاسی، وەک کەسایەتییەکی چالاک لە بواری کۆمەڵایەتی و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و پرسی کورد ناسراوە.
تەندروستی و مافی کرێکاران
لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەیدا، کۆچەر جەخت لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە و دەڵێت: "دەبێت هیچ کەس بەهۆی نەخۆشکەوتنەوە هەژارتر نەبێت. نەخۆشکەوتن شتێک نییە کە مرۆڤ خۆی هەڵیبژێرێت، بۆیە نابێت لەدەستدانی پارەش بەهۆی نەخۆشکەوتنەوە شتێکی ئاسایی بێت".
یەکێکی تر لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەرنامەی کۆچەر وەڵەدبەگی بریتییە لە یارمەتیدانی پەنابەران و کۆچبەران بۆ ئەوەی بە ئاسانی فێری زمانی سویدی ببن، هەلی کار بدۆزنەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە کۆمەڵگادا جێگیر ببن.
هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی سوید بڕیارە رۆژی ١٣ـی ئەیلولی ئەمساڵ، بەڕێوەبچێت، تێیدا زیاتر لە ٢٩٠ شارەوانی ئەنجومەنی شارەوانی خۆیان هەڵدەبژێرن.