"نەمویست بێکار بمێنمەوە"؛ روبار ئەحمەد دوای ساڵانێک لەکاری هونەری براندێکی جلوبەرگی دروستکردوە
ئەزمونی من
2026/08/20 , بینین : 94


* نەوژین، بەنان فاروق

روبار ئەحمەد، دوای دەیان ساڵ خزمەتکردن لە بواری شانۆ و نواندن، لە رێگەی دامەزراندنی براندی 'نورو'ـوە ئەزمونێکی نوێ لە کاری دەستڕەنگینی و دیزاینی جلوبەرگی کوردیدا دەست پێ کردوە و دەڵێت: لە سوچێکی ماڵەکەم کارەکانم دەکەم و خەڵک پێشوازیەکی جوانیان لێکردوە.

سەبارەت بە هۆکاری دەستپێکردنی ئەم کارە روبار ئەحمەد، ٥٩ ساڵ، بە نەوژینی راگەیاند: پێشتر کاری دیزاین و چنینم بۆ جلەکانی خۆم و دەوروبەرم دەکرد، بەڵام دواتر بە پشتگیریی خێزانەکەم بڕیارم دا بیکەمە پیشەیەک. لەلایەکی ترەوە، بیرم لەوە دەکردەوە کە کاتی خانەنشین بونم نزیک دەبێتەوە و دەبێت کارێکی نوێ بدۆزمەوە کە هەم خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم و هەم لە کاری هونەرییشمەوە نزیک بێت، "چونكە من کارەکانم بە شێوازێکی هونەری ئەنجام دەدەم".

ماوەی نزیکەی پێنج مانگە روبار براندەکەی دامەزراندوە و ناوی "نورو"ـی لێناوە، کە لە مناڵیەوە نازناوی خۆیەتی لەنێو خێزانەکەیدا. کارەکانی لە سوچێکی ماڵەکەیدا دەکات و تەنها بە ئۆنڵاین دەیانفرۆشێت. وەک خۆی باسی لێوەکرد: چاوەڕێی ئەو پێشوازیە زۆرە نەبوم کە خەڵک لێیان کردم، پێموابو تەنها کارێکی بچوک دەبێت، بەڵام داواکاری زۆر زۆری لەسەرە.

 سێ کەس لەگەڵی دا کار دەکەن، کە خوشکەکەی و دو کچیین. روبار دەڵێت: جلەکانم تەنها بۆ فرۆشتنن، نەک کرێ، چونکە پێموانییە بابەتی پێدانی جلێک بە چەند کەسێکی جیاواز کارێکی راست بێت.، لەبەر ئەوەی ئەگەری بڵاوبونەوەی نەخۆشی دەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە نرخی جلەکانم ئەوەندە زۆر نیین، نەتواندرێت بکڕدرێت و داوای کرێ بکرێت.

پشتێنی دودیو؛ ئەو داهێنانەی جیاکاری دەکات

دەربارەی ئەو داهێنانەی کە وادەکات کارەکانی 'نورو' جیاوازتر بێت لەوانی تر، روبار وتی: ئەو پشتێنەی کە من دروستی دەکەم دودیوە و دەتواندرێت بە هەردو دیویدا بەکاربهێندرێت. لە هەمان کاتدا ناپچڕێن و نەخش و دیزاینی تایبەت و دەستیان لەسەرە کە دوبارە نیین؛ بۆ هەر پشتێنێک تەنها یەک پارچە بەردەستە. سەرەتا باوەڕم نەدەکرد بەو شێوەیە خواستی لەسەر هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەکشێن و بۆ خانمانی قەڵەویش گونجاون، خواستی زۆر زۆری لەسەرە.

وتیشی: جگە لە پشتێن، لە ئێستادا کراس، هێلەک، دەسماڵ، کۆڵوانە، ئاوەڵکراس و سەروبەست دیزاین دەکەم و لە پلانم دایە لە داهاتودا کڵاوی جلی کوردی بە شێوازێکی نوێ و تەنانەت جامانەی پیاوانەش بگۆڕم بۆ کڵاوی تایبەت بە ژنان.

پلانەکانی داهاتو

روبار ئەحمەد سەبارەت بە فراوانکردنی کارەکەی لە داهاتو دا دەڵێت: ئەم کارە داهاتێکی باشم بۆ دابیندەکات. لە پلانم دا هەیە لە داهاتودا شوێنێکی شایستە وەک ماڵێک بکەمەوە، کە هەم تێیدا کارەکان دروست بکەم و هەم وەک گەلەرییەک نمایشیان بکەم و بیانفرۆشم، هەروەک بتوانم لە رێگەیەوە هەلی کار بۆ خانمانی دیکەش دابین بکەم.

زۆرترین بینراوەکان