* نەوژین، رۆشنا ساڵح
چیا قاسم، لەمیانی دیدارێکی دا لەگەڵ 'نەوژین'، باس لە ئەزمونی کارکردنی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەکات، هەروەک تیشکدەخاتە سەر ئەو بەربەستە پیشەییانەی لە بەڕێوەبردندا روبەڕوی بونەتەوە و ئەو پڕۆژانەی کە لە ماوەی دەستبەکاربونی وەک یەکەم بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار جێبەجێی کردون یان لە بەرنامەی کاریدان بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
* چیرۆکی دەستبەکاربونت لە پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە چۆن بو؟
کاتێک دڵسۆزی و پەرۆشیت بۆ کارەکەت دەبێتە بەشێک لە ژیانت، چواردەورت هەوڵەکانت دەبینن و متمانەت پێدەکەن بۆ گرتنەبەری بەرپرسیارێتی بەرزتر، من هاوکارانم لە پۆستە کارگێڕیەکانی پاریزگای هەڵەبجە کە ئەوانیش ژنن، زۆریان هاوکاریان کردم بۆ بەدەستهێنانی ئەم پۆستە.
* تاچەند بونی ژنانی تر لە یەکە کارگێڕییەکاندا، هاوکار و هەماهەنگە بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانت؟
زۆر هاوکار و کار ئاسانییە. کاتێک ژنان لە پێگەی بڕیارداندا دەبن، پاڵپشتی و تێگەیشتنێکی زیاتر بۆ کار و ماندوبونی یەکتر دروست دەبێت. من وەک خۆم لە وێستگەکانی ژیانمدا هەمیشە ژنان پاڵپشتم بون.
* تۆ یەکەم بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجەیت، قۆناغی بونیادنانی ئەم بەڕێوبەرایەتییە نوێیە تاچەند سەخت بو؟
لە راستیدا پڕۆسەیەکی ئاسان نەبو. سەرەتا بێ بینا بوین، تەنها یەک کۆمپیوتەر و چەند فەرمانبەرێکی کەممان لەگەڵ بو. بەڵام بە هاوکاری فەرمانبەرانی بەئەزمون و بە گرتنەبەری شێوازێکی هێمن و دیپلۆماسی لە کارکردندا، توانیمان بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین.
ئێستا خاوەنی بینای تایبەتی خۆمان و ستافێکی دڵسۆزین و گەشتوگوزار لە ناوچەکەدا خاوەن پێگەی فەرمی و ئامادەیی خۆیەتی.
* بەهۆی ئەوەی کارەکەت راستەوخۆ لەگەڵ هاوڵاتیان و گەشتیارانە، وەک ژنێک روبەڕوی چ ئاڵەنگاریەک دەبیتەوە؟
بەڕای من ئەم پۆستە چ بۆ ژن و چ بۆ پیاو بێت، ئاڵەنگاری و قورسیی خۆی هەیە. گرنگ ئەوەیە بەرامبەرەکەت توانای ژن بە کەم نەبینێت. من لەبەر ئەوەی بە هەوڵ و لێهاتویی خۆم گەیشتومەتە ئەم شوێنە، کارەکانم زۆر لەلا قورس نییە. ئەوەی لای من کێشەبێت لە ئێستادا تەنها نەبونی بودجەیە، گەرنا لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە متمانەی تەواومان پێدراوە و هاوڵاتیان زیاتر هاوکارن نەک رێگر.
* پێتوایە بەراورد بە رابردو ئێستا دیدگای کۆمەڵگە بۆ کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ژنان گۆڕاوە بەرەو باشتر؟
بەڵێ، گۆڕانکارییەکی زۆر بەدی دەکرێت و فیدباکی خەڵک دڵخۆشکەرە. زۆرجار پێمان دەڵێن کە ژنان لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا جدیتر، وردبینتر، بە سەبرتر و میهرەبانترن، کە ئەمە زۆر جێگەی خۆشحاڵیە بۆ ئێمە.
* پلان و پڕۆژەتان چییە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە شارێکی گەشتیاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؟
ئێمە بە هاوکاری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق، توانیمان لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە شاری هەڵەبجە بخەینە سەر نەخشەی گەشتوگوزاری جیهانی. وەک هەنگاوی یەکەم، کار دەکەین بۆ ئەوەی "بیارە" ببێتە گوندێکی گەشتیاریی نمونەیی. هەروەک پلانمان هەیە سەرنجی ئەو گەشتیارانەی دێنە ناوچەی هەورامان بۆ ناوخۆی شاریش رابکێشین؛ بۆ ئەمەش کارمان لەسەر گەڕەکی جولەکەکان، عەبابەیلێ، شاخی شنروێ و سەنتەری شار کردوە. هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژانە.
* لە ماوەی کارکردنتدا، ئەنجامدانی کام پڕۆژە زۆرترین رەزامەندی لای خۆت دروست کردوە؟
پڕۆژەی رێگاسازی گوندی "زەڵم" کە بۆ ماوەی ١١ ساڵ بە هەڵپەسێردراوی مابوەوە. لە نێوەندی قەیرانی داراییدا، بە هەوڵێکی زۆر و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ خاوەن موڵکەکان توانیمان رێککەوتن بکەین. ئەم کارەم زۆر لا گرنگ و شانازی پێوەدەکەم کە توانیم بە ئەنجامی بگەیەنم.
* وەکو خۆت تاچەند هاوکار بویت بۆ هاتنەپێشەوەی ژنانی تر لە بواری کارگێڕی دا؟
بە شانازییەوە هەمیشە هاوکار بوم و بەردەوامیش دەبم. سەرکەوتنی هەر ژنێک لە هەر کایەیەکدا، بە سەرکەوتنی خۆم و تەواوی کۆمەڵگەی دەزانم.