* نەوژین، هاوژین محەمەد
خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، لەمیانی دیدارێکی دا لەگەڵ 'نەوژین'، باس لە ئەزمونی کارکردنی خۆی لە کەرتی ئەندازیاری و کارگێڕیدا دەکات. هەروەها تیشکدەخاتە سەر ئەو بەربەستە پیشەییانەی لە بەڕێوەبردندا روبەڕوی بونەتەوە و ئەو پڕۆژانەی کە لە ماوەی دەستبەکاربونیدا جێبەجێی کردون یان لە بەرنامەی کاریدان بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
* وەک ئەندازیارێکی تەلارساز، پێش چونە ناو کەرتی حکومی، ئەزمونی کارکردنت لە کەرتی تایبەتدا چۆن بو؟.
پێش ئەوەی لە حکومەت دابمەزرێم، بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە کەرتی تایبەتدا لە چەندین پڕۆژەی تەلارسازیدا کارم کردوە و سەرپەرشتییم کردوون. لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی خۆم جێبەجێم کردون یان وەک ئەندازیار تێیدا بەشدار بوم؛ پڕۆژەی (گۆران سیتی)، (پارکی پارلەمان لە هەڵەبجە)، پڕۆژەی قوتابخانەی ١٨ پۆلی بۆ ئاوارەکان لە (چاوگ) و لە سلێمانیش بەشداریم کرد لە پڕۆژەی (هەواری زانکۆی سلێمانی) کە پڕۆژەیەکی گەورەی ١٤٠ خانویی بو.
* چۆن هاتیته ناو کەرتی حکومی و گەشتیتە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی؟
سەرەتا لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە وەک ئەندازیارێک دامەزرام. دوای ماوەیەکی کەم بوم بە لێپرسراوی بەشی نەخشەدانان و نزیکەی ٩ ساڵ لەو پۆستەدا خزمەتم کرد، دواجار لە ساڵی ٢٠٢١ـدا، لە رێگەی پێشکەشکردنی سیڤی (CV) و کێبڕکێیەکی پیشەییەوە، توانیم ببم بە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە و تائێستاش بەردەوامم.
* وەک ژنێک لە پۆستێکی باڵای رێکخراوەیی و تەکنیکیدا، هیچ جۆرە رێگرییەک یان دیدگایەکی پیاوسالاریت بەدی کردوە؟
بێگومان وەک ژنێک کێشە و رێگری هەبوە، لە سەرەتای کارکردنم دا هەندێک قسە دەهاتنەوە سەرم کە دەیانوت "رەنگە ئەم ژنە نەتوانێت کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ بکات"، بەگشتی لەلایەن پیاوانەوە جۆرە دیدێک هەیە کە وەرگرتنی پۆستی باڵا لەلایەن ژنانەوە بە "زۆر" دەبینن. بەڵام سوپاس بۆ خوا، من توانیم بە ئیشوکارەکانم وەڵامی هەمویان بدەمەوە؛ تەنانەت زۆر پڕۆژەی وا هەبو چەندین ساڵ بو پەکخرابو، من جێبەجێم کردن، لەگەڵ فەرمانبەران و خەڵکیشدا توانیمان بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ بین.
* تا چەند پشتگیریی ژنانی تر دەکەیت لە دامەزراوەکەتدا؟
من زۆر پشتگیریی خانمان دەکەم و هەمیشە هاوکاریانم بیانهێنمە پێشەوە. دەتوانم بڵێم خانمە بەڕێوەبەرەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی من هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە. تەنانەت گرنگترین ئەو بەشانەی کە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئێمە بەڕێوە دەبەن، وەک: بەشی یاسا، بەشی پلاندانان، بەشی باخچەکان و دو هۆبەی گرنگ لە ژمێریاریی، هەمویان لەلایەن خانمانەوە بەڕێوەدەبرێن.
* گرنگترین ئەو پڕۆژانە چین کە لە ئێستادا کاریان لەسەر دەکەیت؟
هەمو ئەو پڕۆژانەی خزمەت بە ژن، مناڵ و جوانیی شارەکە بکەن گرنگیی زۆری پێدەدەین. ئێستا گرنگترین پڕۆژەکانمان قیرتاوکردن و دروستکردنی شۆستەن، چونکە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانەوە هەیە. پلانمان داناوە پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ بە زوترین کات جێبەجێ بکرێن و بە مەرجی چارەسەربوونی کێشەی بودجە و موچە، پلانی فراوانمان بۆ تەواوی سنوری پارێزگای هەڵەبجە هەیە. هەروەها پڕۆژەکانمان بەپێی رێنمایی فەرمیی ساڵی ٢٠١٦ـی هەرێم بە شەفافی لە تەندەریندا بڵاودەکەینەوە.
* چ پلانێکی نوێتان بۆ گەنجان و ژنانی ناوچەکە هەیە؟
دەمانەوێت لەڕێگەی پڕۆژەکانمانەوە هەلی کار بۆ گەنجان، ژنان و هەمو چین و توێژەکان بڕەخسێنین. بۆ نمونە، هەر ئەمساڵ توانیمان مەشتەلێکی گەورە دروست بکەین کە تێیدا نزیکەی ١٣ هەزار گوڵ و نەماممان بەرهەم هێناوە بۆ سەوزکردنی شار. من وەک شارەوانی خزمەت بە هەموان دەکەم، هەر ژنێکی خاوەنکاریش سەردانم بکات، ئەوەی لە توانامدا بێت بۆی جێبەجێ دەکەم.
* مۆدێلی سەرکەوتنی تۆ چییە، و دەتەوێت چی لە دوای خۆت جێبهێڵیت؟
پەرەپێدانی خود پێویستی بە دڵسۆزیی، هەوڵ و توانای خودی کەسەکە هەیە، ئێمەش پاڵپشتی دەکەین. کارەکەم پێویستی بە کاتی زۆرە و زۆرجار کاتی زیاترم دەوێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان، کە لێرەدا پاڵپشتیی خێزان و کەسوکارم هۆکاری سەرەکیم بوە بۆ بەردەوامبون. دەمەوێت لە دوای خۆم گەورەترین خزمەت و شانازی بۆ ئەو سنورە جێبهێڵم و بێ جیاوازیی خزمەتی خەڵکەکەم بکەم.