شەش ناوبژیوانی ژن لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی مۆندیالدا بەشدارن
رەنگاڵە
2026/06/18 , بینین : 35


* نەوژین

لە جامی جیهانی بۆ تۆپی پێ کە ئێستا بەڕێوەدەچێت، ٦ ژن وەکو ناوبژیوان و یاریدەدەری ناوبژیوان بەشدارن لە بەڕێوەبردنی ١٠٤ یاریی پاڵەوانێتییەکە.

بەپێی داتاکانی فیفا، بەکۆی گشتی ١٧٠ ناوبژیوان بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکان دیارییکراون، ئەوانیش بەپێی ئەرکەکانیان دابەشبون بەسەر: ٥٢ ناوبژیوانی سەرەکی گۆڕەپان، ٨٨ ناوبژیوانی یاریدەدەری هێڵ و ٣٠ ناوبژیوانی ژوری ڤار.

پێگەی ژنانیش لە نێو ئەم ئەرکانەدا جێگیر کراوە؛ بە جۆرێک دو ژن وەک ناوبژیوانی سەرەکی کار دەکەن، هاوكات سێ ژنی تر وەک ناوبژیوانی هێڵ و ژنێکیش لە ژوری ڤاردا بەشدارە.

ئەمە دوەم خولی مۆندیالی پیاوانە کە ژنان تێیدا ناوبژیوانی دەکەن، دوای مۆندیالی ٢٠٢٢ـی قەتەر کە لەو خولەشدا هەر ٦ ژنە ناوبژیوان بەشدار بون.

مۆندیالی ئەمساڵ کە لە ١١ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردوە و بڕیارە تاوەکو ١٩ـی تەمموز بەردەوام بێت،  ٢٣ـیەمین مۆندیالە و تێیدا بۆ یەکەمجار ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربوەکان بۆ ٤٨ هەڵبژاردە بەرزکراوەتەوە. یارییەکانیش لە هەرسێ وڵاتی هاوبەش (ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک) بەڕێوەدەچن.

لایخۆشییەوە فیفا بڕیاریداوە ناوی ناوبژیوانانی هەر یارییەک، تەنها ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی یارییەکە ئاشکرا بکات.

زۆرترین بینراوەکان