ژنێکی کورد دو خەڵاتی باڵای ئەکادیمی لە ئەمریکا بەدەستدەهێنێت
ھەواڵ
2026/06/15 , بینین : 51


* نەوژین

کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکانی ئەمریکا (APSA) دو خەڵاتی زانستیی باڵای بەخشییە ژنە لێکۆڵەر و زانای کورد، د. رۆنای باکان، وەک رێزلێنانێک بۆ تێزی دکتۆراکەی کە لەسەر سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و بەکارهێنانی خاک و کەلەپور دژ بە شوناسی کوردی لە باکوری کوردستان لێکۆڵینەوەی تێدا کردوە.

د. رۆنای باکان، کە دەرچوی بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی "جۆنز هۆپکینز"ـی ئەمریکییە، لەڕێگەی تێزی دکتۆراکەیەوە بە ناونیشانی "شارسازیی دژەقۆڕغکاری: زەوی و کەلەپور لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا"، توانی بە شێوازێکی زانستی و مەیدانی، پەردە لەسەر سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی شوناسی کوردی لە باکووی کوردستان لابدات و سەرنجی لێژنەی دادوەریی نێودەوڵەتی رابکێشێت.

خەڵاتەکان بریتی بون لە: خەڵاتی باشترین تێزی دکتۆرا: لەلایەن بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا (MENA) کە ساڵانە تەنیا دەدرێتە ناوازەترین کار و خەڵاتی رێزلێنانی تایبەت بۆ باشترین توێژینەوەی مەیدانی: لەلایەن بەشی دیموکراسی و ئۆتۆکراسیی کۆمەڵەکەوە، بەهۆی بوێری لە کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوچە دژوارەکاندا.

لیژنەی دادوەری لەبارەی کارەکەی د. رۆنای نوسیویانە: "ئەم کارە نمونەی هەرە بەرزی ئەو توێژینەوانەیە کە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن و تێڕوانینێکی تەواو نوێ و رەسەن پێشکەش دەکات".

د. رۆنای باکان لە ئێستادا وەک لێکۆڵەری پۆست-دکتۆرا لە پەیمانگای زانکۆی ئەوروپی کار دەکات، وەک هەنگاوی داهاتوش بڕیاریداوە وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی بەناوبانگی "فۆڕدهام" لە ئەمریکا دەستبەکاربێت.

زۆرترین بینراوەکان