هەوار فارس خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا بەدەستهێنا
کلتور
2026/06/13 , بینین : 27


* نەوژین

شانۆکاری کورد؛ هەوار فارس، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی "شەوانی ئوفیر" بۆ شانۆی دیۆدرامای سەلمە، لە شاری سەڵاڵەی سوڵتاننشینی عومان بەدەستهێنا.

خەڵاتەکە بە هاوبەشی بەخشرا بە هەوار فارس و ئەکتەری فەڕەنسی، ئۆغێرلی ئەمپێرت، لە پای بەشداریکردنیان لە دیۆدرامای (سەلمە)، کە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق لە فیستیڤاڵەکەدا نمایش کرا و لە کۆی شەش خەڵاتی سەرەکی، چوار خەڵاتی بەدەستهێنا.

ناوەڕۆکی نمایشەکە

تێکستی دیۆدرامای (سەلمە) کە لە نوسینی د. دڵشاد مستەفایە، گوزارشت لە تراژیدیای ژنان و مناڵانی کورد دەکات لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، نمایشەکە لە لایەکەوە چیرۆکی مناڵێک دەگێڕێتەوە کە لە نێو زیندانەکانی رژێمدا بە بۆنی خەیار، گیان لەدەستدەدات و لە لایەکی دیکەوە تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی دایکێک کە بە بەرچاویدا مناڵەکەی دەخنکێنرێت.

ئەم بەرهەمە شانۆییە لە کۆی خەڵاتەکانی فیستیڤاڵەکەدا ئەم دەستکەوتانەی تۆمارکرد: خەڵاتی باشترین نمایشی تەواوکاری (متکامل)، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەری کچ.

کارەکە بە سپۆنسەری و پاڵپشتی "فیدراسیۆنی جیهانی کورد" بەرهەم هێنراوە، ستافی جێبەجێکار رایانگەیاند، کە نمایش و خەڵاتەکانی ئەم فیستیڤاڵە پێشکەش بە رۆحی شانۆکار و راگەیاندکار؛ هەڵکەوت عەزیز، دەکەن، کە بەر لە چەند رۆژێک بەهۆی روداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

زۆرترین بینراوەکان