* نەوژین، شنۆ نوری
لە کۆمەڵگەیەکدا کە پیشەی کارەبایی بۆ مێژویەکی دورودرێژ وەک "کاری پیاوان" سەیر کراوە، کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی هەڵەبجە، توانیویەتی ئەو یاسا نەنوسراوە بشکێنێت, لانە شەوکەت، خوێندکاری بەشی پیشەیی هەڵەبجە و راهێنەری نێودەوڵەتیی "تۆڕی کارەبا"، بە دامەزراندنی ستافی "لانە پاوەر" یەکەم هەنگاوی بەرەو گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگە بۆ تواناکانی ژنان هاویشت.
لە بەردەستی باوکەوە بۆ راهێنانی نێودەوڵەتی
چیرۆکی سەرکەوتنی لانە لە مناڵییەوە دەست پێدەکات، ئەو کاتەی لەبری کایە باوەکانی مناڵی، خولیای فێربونی پیشەکەی باوکی دەبێت، ئەو چیرۆکی خۆی بۆ نەوژین گيڕایەوە: من لە مناڵییەوە لەگەڵ باوکم کارم کردوە، باوکم خۆی کارەباچی بو، منی وەک بەردەستی خۆی دەبرد بۆ سەر کارەکانی، بۆیە کارەبا و وایەر بۆ من هیچ کات نامۆ نەبون.
ئەم سەرەتایە بوە بنمایەک بۆ ئەوەی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا وەک راهێنەری بواری کارەبا دەستبەکار بێت، دوای پێنج ساڵ لە ئەزمونکردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی لەو بواردا، بیرۆکەیەکی جیاواز لە مێشکی لانەدا چەکەرە دەکات: "بۆچی ستافێکی تەواو ژنانەمان نەبێت؟".
لانە پاوەر؛ کاتێک ژنان متمانەی ماڵەکان بەدەستدەهێنن
ستافی "لانە پاوەر" ئێستا لە ٥ ئەندامی ژن پێکدێت، کە هەریەکەیان لە بوارێکی جیاوازی کارەبادا لێهاتون، سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتن لە ستافەکە، لانە ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها مەرج بریتییە لە "حەز و خولیا بۆ کارەکە و تاڕادەیەک لێزانین، چونکە دەمانەوێت کارەکەیان بە عەشقەوە بێت".
سەبارەت بە گرنگی بونی ستافێکی لەم شێوەیە بۆ ژنان، لانە دەڵێت: "پێویستە هاوشانی پیاوان، ستافی ژنانیش لەم بوارەدا هەبن، بۆ ئەو ماڵانەی کە تایبەتن بە رەگەزی مێ یان لەو کاتانەی پیاوان لە ماڵ نیین، بونی ستافێکی ژن وادەکات خێزانەکان بێ دودڵی و بە تەواوی هەست بە ئارامی بکەن لەکاتی چاککردنەوەی کێشە کارەباییەکانیاندا".
لە سەرسوڕمان و رەخنەوە بۆ داواکاری لە دەرەوەی شار
سەرەتای راگەیاندنی پڕۆژەکە بۆ کۆمەڵگە ئاسان نەبو، لانە دان بەوەدا دەنێت کە لە سەرەتادا روبەڕوی سەرسوڕمان و تەنانەت رەخنەش بونەتەوە: "چەندین جار کاتێک خەڵک پەیوەندییان دەکرد و من وەڵامم دەدایەوە، بە بیستنی دەنگی ژن سەریان دەسوڕما و دەیانوت: ئایا ئەمە ستافی کارەبایە؟ دڵنیام دەکردنەوە کە بەڵێ، بەڵام دیسان دەیانپرسیەوە: ئایا دەکرێت ئیشی کارەبا بە ژن بکرێت؟".
بەڵام ئەنجام و کوالێتی بەرزی کارەکانیان، هاوکێشەکەی گۆڕی، ئێستا نەک تەنها لە ناوخۆی هەڵەبجە، بەڵکو لە دەرەوەی شارەکەشەوە پەیوەندییان پێوە دەکرێت و داوای کارەکانیان دەکرێت.
پیشەکان رەگەزیان نییە؛ تواناکان بڕیار دەدەن
لانە بە تێڕوانینێکی هاوسەنگەوە وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە و پێی وایە هیچ پیشەیەک قۆرخ نەکراوە بۆ رەگەزێکی دیاریكراو: "هەر کارێک بکەیت، هەم رەخنەی لێدەگیرێت و هەمیش سوپاس دەکرێیت، من دەڵێم پیشەکان تایبەت نەکراون بە یەک رەگەز، بەڵکو بە توانای کەسەکانەوە بەستراونەتەوە، وەک چۆن لە رەگەزی نێردا چێشتلێنەر یان خەیاتی سەرکەوتومان هەیە، لە رەگەزی مێ ـشدا کارەباچی لێهاتومان هەیە".
خەونێک بۆ داهاتوو: دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گەورەی ژنانە
کاتێک لە لانە ـمان پرسی گەر کات بگەڕێتەوە دواوە چی بە خۆت دەڵێیت؟ بە بڕوا بەخۆبونەوە وتی: "پێی دەڵێم بە هێزێکی زیاترەوە دەست بدە بە کارەکە و بێگوێگرتن لەو ئامۆژگارییە ساردکەرەوانەی پێشتر گوێم لێگرتن، بەردەوام بە".
خەونی داهاتوی لانە تەنها کارکردن نییە لە چوارچێوەی ستافێکی بچوکدا، بەڵکو دەیەوێت کۆمپانیایەکی گەورە و تایبەت بە ستافی ژنان لەسەر ئاستی کوردستان دابمەزرێنێت.
چیرۆکی لانە شەوکەت، تەنها چیرۆکی چاککردنەوەی وایەر و گڵۆپەکان نییە؛ بەڵکو چیرۆکی روناککردنەوەی رێگایەکە بۆ چەندین کچی تر، تا بڕوا بە هێز و توانای راستەقینەی خۆیان بهێنن لە دەرەوەی قاڵبە باوەکانی کۆمەڵگە.