* نەوژین
پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی سوریا لە چوار شاری سەرەکی رۆژئاوای کوردستان کۆتاییهات؛ لەنێو ئەو ۸ پارلەمانتارە کوردەی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، دو ژنە کاندید متمانەی دەستەی دەنگدەرانیان بەدەستهێناوە و دەگەنە پارلەمان.
ئەو دو ژنە پارلەمانتارە پێکهاتون لە: فەسڵا یووسف: خانمە سیاسەتوانی دێرین کە لەسەر لیستی (پارتی یەکێتیی کوردستانی - وەحدە) لە حەسەکە سەرکەوتوە و د. رەنگین عەبدۆ: کە وەک کاندیدێکی سەربەخۆ، لە ناوچەی عەفرین توانیویەتی کورسییەکەی پارلەمان مسۆگەر بکات.
ئەم هەڵبژاردنە، کە یەکەمین پرۆسەیە دوای ١٥ ساڵ لە کۆبانێ و حەسەکە بەڕێوەبچێت، دوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لە چوارچێوەی قۆناغی راگوزەری وڵاتەکەدا دێت. تێیدا لە کۆی ٢١٠ کورسیی پارلەمان، کورد ٨ کورسیی بەدەستهێناوە (٥ ئەندام لەسەر لایەنەکانی ئەنەکەسە و ٣ سەربەخۆ)، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) پرۆسەکەی بایکۆت کردبو.