لە پارلەمان ٣٠٪ و لە لوتکەی دەسەڵاتدا سفر؛ راستییە تاڵەکانی پێگەی سیاسیی ژنان
2026/05/24 , بینین : 46


* نەوژین، پەرژین کامەران

سەرباری کارپێکردنی سیستمی "کۆتا" و بەشداریی رێژەیی ژنان لە کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام هێشتا گەیشتنی ژنان بە ناوەندەکانی بڕیار لە حکومەتدا، وەک خەونێکی دور دەبینرێت، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: بۆچی لەناو حزبە دەسەڵاتدارەکان و پێکهێنەرانی کابینەکانی حکومەتدا، ژنێک لە پۆستی یەکەمی بڕیارداندا بەدی ناکرێت؟

ئاماری پاشخان

یاسای ژمارە ١ـی ساڵی ١٩٩٢ی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان، هیچ کۆتایەکی بۆ ژنان تێدا نەبو، لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆتای ٢٥٪ جێگیرکرا، لە هەموارکردنی یاساکە لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا، رێژەکە بۆ ٣٠٪ بەرزکرایەوە (واتە ٣٣ کورسی لە کۆی ١١١ کورسی پێشو).

بەڵام لە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردندا (سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت)، لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تاوەکو پێکهێنانی دوایین کابینە، رێژەی بەشداریی ژنان لوتکەی بڕیاردا هەمیشە ٠٪ بوە.

بەربەستی عەقڵییەت و قۆرخکاریی پیاوان

د. رێواس فایەق، سەرۆکی خولی پێشوی پارلەمانی کوردستان، رەگی کێشەکە بۆ "عەقڵییەتی پیاوسالاری" دەگەڕێنێتەوە و پێیوایە پیاوانی سەرکردە، پێگە باڵاکانیان قۆرخ کردوە.

ئەو دەڵێت: "کەمیی سەرکردەی ژن پەیوەندیی بە تێڕوانینی سەرکردە پیاوەکانەوە هەیە؛ ئەوان هەمیشە باوەڕیان وابوە کە دەبێت بەشداریی ژنان لە ئاستێکدا بێت کە نەگاتە ئاستی پیاوان".

لەلایەکی دیکەوە، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دان بەوەدا دەنێت کە هیچ بەربەستێکی "توانایی" لەبەردەم ژناندا نییە.

دەڵێت: "بڕوا ناکەم ژنانی کورد داناییان لە پیاوان کەمتر بێت، پیاوانیش شتێکی ئەوتۆیان نەکردوە تا بڵێین تەنیا پیاو دەتوانێت سەرۆکی حیزب بێت".

ئاماری پێکهاتەی کابینەکان

لە مێژوی ٩ کابینەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە کۆی زیاتر لە ٢٠ وەزارەت، پشکی ژنان لە باشترین دۆخدا ١٠٪ بۆ ١٤٪ـی تێنەپەڕاندوە.

لە لایەکی دیکەوە، پشکی ژنان لە وەزارەتە سیادییەکان (ناوخۆ، دارایی، پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان) بە درێژایی ٣٤ ساڵی رابردو لەسەر ئاستی (سفر٪) ماوەتەوە، لەبەرامبەردا ئەوەی پێیان دراوە، تەنیا وەزارەتە خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتییەکانیان بوە.

"داتاکانی ٣٢ ساڵ (سفر) نیشان دەدەن"

کنێر عەبدوڵڵا، نوسەر و توێژەر، لە توێژینەوەیه‌کی دا کە ماوەی ٣٢ ساڵ (١٩٩٢- ٢٠٢٤) دەگرێتەوە، ئاماری ورد لەسەر بەشداریی سیاسیی ژنان دەخاتەڕو.

دەڵێت: لە پارلەماندا رێژەی کۆتا لە ٢٥٪ـەوە بۆ ٣٠٪ بەرزبوەوە، بەڵام لە حکومەتدا رێژەی ژنان لەسەرۆکایەتی و جێگری سەرۆکی حکومەت هێشتا هەر سفرە، وەزیرە ژنەکانیش هەر لە چوارچێوەی ٢ بۆ ٣ وەزیردا ماونەتەوە و نەتوانراوە ئەو بەربەستە بشکێنرێت.

زۆرترین بینراوەکان