رێزان شێخ دلێر: عەقڵییەتی سیاسی عێراق دەیەوێت ژن بچوک بکاتەوە
ھەواڵ
2026/05/21 , بینین : 53


* نەوژین

رێزان شێخ دلێر، رەخنە لە شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا دەگرێت و دەڵێت؛ عەقڵییەتی سیاسیی باڵادەست دەیەوێت پێگەی ژنان سنوردار بکات، جەختیش دەکاتەوە کە بونی سیستمی کۆتا لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا تاکە زامنە بۆ پاراستنی مافی ژنان، چونکە بەبێ ئەو سیستمە، حیزبەکان پۆستەکان وەک "خێر و سەدەقە" بە ژنان دەدەن.

ئەم لێدوانەی رێزان شێخ دلێر، خانمە چالاکوان و پارلەمانتاری دو خولی رابردوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتێکدایە، کە ئەنجومەنی نوێنەران هەفتەی رابردو، متمانەی بە ١٤ وەزیری کابینە نوێیەکەی حکومەتی عێراق دا لە کۆی ٢٣ وەزارەت، بەڵام لەو نێوەندەدا تەنها یەک وەزارەت بە ژنان درا.

عەقڵییەتی سیاسی و پاشەکشەی ژنان

ناوبراو دەڵێت: "عەقڵییەتی سیاسیی عێراق داوای بچوککردنەوەی ژن دەکات و قبوڵی ناکات وەک بڕیاردەر دەربکەوێت، لەلایەکی دیکەشەوە، ژنان خۆشیان هۆکارن کە شەڕی بەدەستهێنانی پۆستەکان ناکەن و خۆیان ناخەنە ناو ململانێی هێزە سیاسییەکانەوە".

بۆچی پارلەمانتارە ژنەکان متمانیان بەم کابینەیە دا؟

سەبارەت بەوەی کە بۆچی پارلەمانتارە ژنەکانی عێراق (کە رێژەی ٢٥٪ـی پارلەمان پێکدەهێنن) ئەم پاشەکشەیەیان قبوڵ کردوە و متمانیان بە کابینەیەک داوە کە ٩٥٪ـی پیاوە، رێزان شێخ دلێر، رونی کردەوە: "پارلەمانتارە ژنەکان بەهۆی کەمی ژمارەیان و نەبونیان وەک سەرۆک لیست، تەنها وەک ئەندامی ئاسایی دەمێننەوە، ئەمەش وایکردوە نەتوانن وەک 'فراکسیۆنی ژنان' یەکدەنگ بن و دواجار تەنها بڕیاری سەرکردایەتی حیزبەکانیان جێبەجێ دەکەن".

تێڕوانینی "بازرگانییانە" بۆ پۆستە باڵاکان

ئەو خانمە سیاسییە، زیاتر تیشکی خستە سەر تێڕوانینی حیزبەکان بۆ پۆستە باڵاکان و وتی: "حیزبەکان هەمیشە بڕوایان وایە ئەو کەسانەی پۆستیان پێدەدرێت، دەبێت بازرگانیشیان بۆ بکەن، ئەوان دەزانن ژنان زیاتر لایەنی کارگێڕیان بەهێزە، بۆیە پۆستە سیادییەکانیان پێ نادەن و زیاتر پۆستە خزمەتگوزارییەکانیان پێدەسپێرن".

فشارەکان لەسەر سەرۆک وەزیران

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ نەوژین، رێزان شێخ دلێر باسی لەو هەوڵانە کرد کە لەلایەن رێکخراوەکانەوە دەدرێن بۆ بەشداری سیاسی ژنان لە عێراق، وتی: "لەلایەن رێکخراو و هاوپەیمانییەکانی ژنانەوە، فشار لەسەر سەرۆک وەزیران (عەلی فالح زەیدی) هەبوە، بۆ بەشداریپێکردنی جدیی ژنان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک نییە و نابینرێت سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی بەسەر حیزبە سیاسییەکاندا بشکێت بۆ ئەوەی ناچاریان بکات لە پاڵ کاندیدە پیاوەکانیاندا، کاندیدی ژنیش پێشکەش بکەن".

زۆرترین بینراوەکان