* نەوژین
لە کاردانەوەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق،کە تێیدا پشکی ژنان تەنها یەک وەزارەتە لە کۆی ١٤ وەزارەتی یەکلابوەوە، خانمە پارلەمانتارێکی کورد، دەڵێت: کاتی ئەوە هاتوە هاوشێوەی پارلەمان، سیستەمی کۆتای ژنان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دا جێگیر بکرێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (١٤ـی ئایار)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە ١٤ وەزیری کابینە نوێیەکەی عێراق دا لە کۆی ٢٣ وەزارەت، لەم نێوەندەدا، بە فەرمی تەنها یەک ژن توانی پۆستی وەزیر بەدەستبهێنێت، ئەویش سروە عەبدولواحید بو لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە پۆستی وەزارەتی ژینگەی پێسپێردرا.
لە کاردانەوەدا، بەرزی ئەزمەڕ، خانمە پارلەمانتاری کورد لە پارلەمانی عێراق، لەمیانی لێدوانێکدا بۆ نەوژین، رەخنەی توندی ئاراستەی عەقڵییەتی هێزە سیاسییەکان کرد و لە بارەی هۆکاری سەرەکی ئەم پەراویزخستنەی ژناندا وتی: "عورفی سیاسی باڵادەست لە عێراق دا هەڵقوڵاوی مێژویەکە لە شەڕ نەک لە ئاشتی، لە شەڕیش دا پیاوان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، بۆیە هێشتا بڕوای تەواو بە توانای ژنان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا نییە و پۆستە باڵاکان وەک دەستکەوتی حزبی تایبەت بە پیاوان دەبینرێن".
"پاساوەکان بیانویەکی پڕوپوچن"
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن ژنی کارا و لێهاتو لە کایەی سیاسیدا کەمە، بەرزی ئەزمەڕ بە راشکاوی وتی: "پاساوی نەبونی ژنی لێهاتو تەنها بیانویەکە بۆ شاردنەوەی عەقڵییەتی دژ بە ژن، لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا سەدان ژنی پسپۆڕ، دکتۆر، پارێزەر، دادوەر و ئابوریناس هەن؛ کێشەکە نەبونی ئیرادەی سیاسییە لای سەرکردایەتی قەوارەکان".
ناوبراو رونیشی کردەوە کە ئەم دۆخە پێشێلکردنی ماددەی ١٤ـی دەستوری هەمیشەیی عێراقە، کە دەڵێت عێراقییەکان بێ جیاکاریی رەگەزی لەبەردەم یاسادا یەکسانن، "بۆیە کاتێک حکومەتێک پێکدێت کە ٩٥٪ـی پیاو بن، ئەمە جیاکارییەکی رونی رەگەزیە".
جەختیشی کردەوە: "ئەزمونی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت لە عێراق دا پێمان دەڵێت کە چیتر ناتوانین پشت بە عورفی سیاسی حیزبەکان ببەستین بۆ بەدیهێنانی بنەماکانی یەکسانی رەگەزی، بەڵکو کاتی ئەوە هاتوە کۆتای ژنان بە یاسا لەناو دامەزراوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دا جێگیر بکرێت".
پڕۆژەیاسایەک بۆ ناچارکردنی حیزبەکان
بەرزی ئەزمەڕ، کە پارلەمانتارە لەسەر لیستی "هەڵوێست" تیشکی خستە سەر ململانێی توندی هێزە سیاسییەکان لەسەر پشککاریی حزبی، کە بوەتە هۆی فەرامۆشکردنی لێهاتویی ژنان، ئاشکرایشیکرد کە هەوڵدەدەن وەک پارلەمانتارانی ژن کار بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەک یان هەموارێکی یاسایی بکەن بۆ ئەم مەبەستە.
وتی: "دەستور لە ماددەی ٤٩ بڕگەی ٤ـدا رێژەی ٢٥٪ـی کۆتای بۆ ژنان لە پارلەمان جێگیرکردوە، بەڵام لە پرسی حکومەت دا بێدەنگ بوە، ئەمەش بۆشایی دروستکردوە، ئێمە دەمانەوێت بە یاسا مەرج بکرێت کە هیچ کابینەیەکی حکومەت شەرعییەت و متمانەی پارلەمانی پێنەدرێت ئەگەر رێژەی ژنان تێیدا لە پۆستی جێگرانی سەرۆک وەزیران، وەزیر، بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە ٢٥٪ کەمتر بێت".
پرۆسەی پێکهێنانی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، هێشتا بە تەواوەتی کۆتایی نەهاتوە؛ دەنگدان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ دواخراوە و چوار وەزارەتی دیکەش کە بریتین لە وەزارەتەکانی؛ (کۆچ و کۆچبەران، رۆشنبیری، داد و وەرزش و لاوان)، هێشتا کاندیدەکانیان پێشکەش نەکراوە.