زریان ئەحمەد: دارتاشی خەون و خولیای هەمیشەییم بوە و ئێستا بژێوی ژیانمە
ئەزمونی من
2026/05/13 , بینین : 8


* نەوژین، بەنان فاروق

لە کاتێکدا زۆرێک لە پیشە دەستییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک "پیشەی پیاوانە" پۆلێن دەکرێن، زریان ئەحمەد، خانمێکی شێوەکاری دانیشتوی شاری سلێمانی، توانیویەتی ئەو سنورانە ببەزێنێت و وەک یەکەمین ژن لە ناوچەکەدا دەست بداتە پیشەی دارتاشی، ئەو کە پێی وایە "کار رەگەزی نییە" و خولیاکەی کردوە بە سەرچاوەی بژێوی.

لە شێوەکارییەوە بۆ دارتاشی؛ سەرەتایەکی خۆڕسک

زریان ئەحمەد (٢٧ ساڵ)، کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بەشی شێوەکاری، باس لە دەستپێکی کارەکەی دەکات کە لە خولیایەکی دێرینەوە بۆ دار سەرچاوەی گرتوە، "پاش ئەوەی لەڕێگەی هاوڕێیەکیەوە چەند کەرەستەیەکی سەرەتایی دارتاشیم دەستکەوت، بەبێ بینینی هیچ خولێکی ئەکادیمی یان فێربون لە لای وەستایەک، بە شێوەیەکی خۆڕسک دەستم بە کارکردن لە بوارەکە کرد".

ئێستا نزیکەی ساڵێکە زریان لە گەلەری "وێنەیار" لە کارگەی جگەرەی سلێمانی، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی کەرەستەی دارینە، دەڵێت: "هەستم کرد بۆشاییەکی گەورە لە بازاڕدا هەیە بۆ دروستکردنی کەرەستە فۆلکلۆرییەکان، بۆیە بڕیارم دا نوێگەری تێدا بکەم".

تێکەڵکردنی هونەر و پیشە

ئەو تایبەتمەندییەی کارەکانی زریان لە دارتاشەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، تێکەڵکردنی پسپۆڕییە ئەکادیمییەکەیەتی (شێوەکاری) لەگەڵ دارتاشیدا، ئەو نەک تەنها کەرەستەکان دروست دەکات، بەڵکو وێنەی کێشراو و مۆرکی کوردەوارییان پێوە دەبەخشێت.

گرنگترین ئەو کەرەستانەی بەرهەمی دەهێنێت، بریتین لە: مێزی بوراقی کوردی، کە بە وتەی خۆی؛ "خواستی زۆری لەسەرە"، کەرەستەکانی ناوماڵ (مێزی تەلەفزیۆن، شوێن غاز، شوێن شەکردان و چا)، کەرەستە رازاوەکان بە وێنەی دەستی.

زریان، ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت دارتاشە پیاوەکانیش سەرسامی خۆیان بە شێوازی کارەکانی دەربڕیوە: "بە تایبەت لە وردەکاری و جوانی مێزە بوراقەکاندا کە رەنگدانەوەی هونەری شێوەکارییان پێوە دیارە".

ئاڵەنگارییەکان و پاڵپشتییەکان

سەبارەت بە ئاستەنگە جەستەیی و کۆمەڵایەتییەکان، زریان دەڵێت: "کارەکە ماندوبونی جەستەیی زۆری تێدایە، بەڵام هیچ شتێک نییە مەحاڵ بێت یان رێگریم لێ بکات"، جەخت لەسەر بنەمایەکی سەرەکی دەکاتەوە لە ژیانی پیشەییدا و دەڵێت: "پێم وایە کار رەگەزی نییە و هەمو کارێک بۆ خانمان گونجاوە"، ئاماژە بەوەش دەکات کە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە، نەک رەخنەی لێ نەگیراوە، بەڵکو دەستخۆشی و پاڵپشتییەکی زۆری لەلایەن دەوروبەر و خەڵکەوە لێ کراوە.

ئەو دارانەی لە کارەکانیدا بەکاریان دەهێنێت، "داری روسی" هاوردەکراون، لە ناو گەلەرییەکەشیدا بە ئامێرەکانی (بڕین، سمارتە، درێل و مشار) سەرجەم قۆناغەکانی دروستکردنەکە بە تەنها ئەنجام دەدات.

دیدگایەک بۆ داهاتو

زریان ئەحمەد، تەنها بە کارکردنی خۆی ناوەستێت، بەڵکو پلانی هەیە لە داهاتودا کارەکەی فراوانتر بکات و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ فێربونی ژنانی دیکە، ئەو دەڵێت: "لە پلانمدایە کۆمەڵێک ژن فێر بکەم و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنم، چونکە زۆر پێویستە ژنان لەم بوارەدا بونیان هەبێت".

زۆرترین بینراوەکان