پارێزەرێک: ئاساییکردنەوەی فرەژنی لە میدیادا ئامانجدارە و پێچەوانەی یاسایە
ھەواڵ
2026/04/26 , بینین : 20


* نەوژین


لە کاتێکدا میدیاکان فرەژنی دەکەنە بابەتی بەرنامەکانیان، د. عەلی عەبدوڵڵا، پارێزەری راوێژکار، هۆشداری دەدات لەوەی ئەم جۆرە بەرنامانە پێچەوانەی یاسای باری کەسین و ئامانجدارن بۆ شێواندنی وێنەی خێزان.

د. عەلی عەبدوڵڵا، پارێزەری راوێژکار، لەبارەی روماڵی میدیاکان بۆ فرەژنی بە نەوژین ـی راگەیاند: "ئەو کەناڵانەی بەردەوام باس لە فرەژنی دەکەن، بە ئامانجێکی دیاریکراو دەیانەوێت دیوە نەرێنییەکانی خێزان بە خەڵک نیشان بدەن، نەک ئەوەی خزمەت بە سەقامگیریی خێزانی بکەن”.

ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان ئابوری و کۆمەڵگا کرد و وتی: "لێرە زۆرێک لە هاوڵاتییان بەهۆی کێشەی داراییەوە توانای بەخێوکردنی خێزانێکیان نییە، بە رێژەی ٧٥٪ـی جیابونەوەکانیش لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەی ماددییەوەیە؛ کەچی میدیاکان بەپێچەوانەی ئەم واقیعە، هانی فرەژنی دەدەن”.

د. عەلی عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بابەتە لەڕوی ئامارییەوە هیچ بنەمایەکی گشتگیری نییە: "ئەم دو ژنی و سێ ژنییە رێژەکەی زۆر کەمە؛ ئامارەکان ئەوە دەخەنەڕو کە ساڵانە لە ناو ملیۆنان هاوڵاتی هەرێم دا، تەنها ژمارەیەکی کەم حاڵەت هەیە کە نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٣٠ حاڵەتە، بۆیە بابەتێکی گرنگی میدایی نییە، تاوەکو گەورە بکرێت”.

رای یاسایی

سەبارەت بە لایەنی یاسایی، د. عەلی عەبدوڵڵا رونی کردەوە: "بەپێی یاسای باری کەسی (ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان)، فرەژنی تەنها بە مەرجی زۆر قورس و رەزامەندی دادوەر رێگەی پێدراوە، لە راستیدا بەپێی یاسا، فرەژنی لە دۆخی ئاساییدا سنوردار و قەدەغەیە”.

ناوبراو جەختیکردەوە: "بەهۆی ئەوەی میدیاکان هانی فرەژنی دەدەن، دەکرێت سکاڵای یاسایی دژی ئەو کەناڵ و رۆژنامەنوسانە تۆمار بکرێت، هەروەها دەکرێت داوا لە داواکاری گشتی بکرێت بێتە سەرخەت، چونکە ئەمە ئاساییکردنەوەی دیاردەیەکە یاسا دژیەتی”.

زۆرترین بینراوەکان