* نەوژین
دوای ئەوەی لە سەیرانەکەیان بینینی دیمەنی پیسبونی دورگەی ئەسپەکان نیگەرانیکردن، گروپی خانمانی پیادەڕەوی دەربەندیخان بە هەڵمەتێکی خۆبەخشانە، نزیکەی ٥٠ کیسە خاشاکیان لە ناوچەکە کۆکردەوە و ژینگەی ناوچەکەیان لە پیسبون رزگار کرد.
ئەمیرە عەزیز، ئەندامی گروپەکە، لەبارەی دەستپێشخەرییەکەیانەوە بە نەوژین ـی راگەیاند: هەفتەی رابردو بۆ گەشتێک سەردانی دورگەی ئەسپەکانمان کرد، بەڵام بینیمان ناوچەکە زۆر پیس بوە، بۆیە بڕیارماندا جارێکی دیکە بگەڕێینەوە و پاکی بکەینەوە، لەم کارەدا پۆلیسی دارستان هاوکارمان بو لە دابینکردنی بەلەم و کۆمەڵێک پێویستیی دیکە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، ئەو ئەندامەی گروپەکە وتی: خاشاکێکی زۆر زۆری لێبو، خەریک بو زبڵ لەبری سەوزایی ناوچەکەی دادەپۆشی، ئێمە توانیمان بە نزیکەیی ٤٠ بۆ ٥٠ کیسە خاشاکی لێ دەربهێنین.
ئەمیرە عەزیز، داوا لە گەشتیاران دەکات ژینگەکە بە پاکی رابگرن و پارێزگاری لێ بکەن، هەروەها داواش لە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو ئەندامەی گروپی خانمانی پیادەڕەوی دەربەندیخان جەختی کردەوە، کە وەک گروپەکەیان ئەم کارە بەردەوامی دەبێت و وتی: " پێشتریش ئێمە چەندین هەڵمەتی لەم شێوەیەمان ئەنجامداوە و بۆ لەمەو پاشیش بەردەوام دەبین، بەڵام گرنگە هەموان پێکەوە بەشداربین لە پاکڕاگرتنی ژینگەی ناوچە”.