* نەوژین
لە مەراسیمێکدا لە شاری کەلار، دەیەمین وەرزی پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچو، لەم خولەدا، هەردو رۆژنامەوان (لەیلا ئەحمەد) و (غەمگین محەمەد) توانییان بە بەدەستهێنانی پلەکانی یەکەم و دوەم، پێشەنگی کێبڕکێکە بن.
ئەم پێشبڕکێیە ساڵانە لەلایەن "رادیۆی دەنگ" و بە پاڵپشتیی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (NED) رێکدەخرێت، بەشداریی ژنان لەم وەرزەدا بەرچاو بو، بەشێوەیەک کە ٤٥٪ـی کۆی بەشداربوانیان پێکهێنا بو.
لەیلا ئەحمەد؛ بۆ جاری سێیەم پێشەنگی پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ
لەیلا ئەحمەد، کە بۆ جاری سێیەم پلەی یەکەمی پێشبڕکێکەی بردەوە، ئەمساڵ بە راپۆرتێک لەسەر "توندوتیژی ئەلیکترۆنی" سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین وتی: "ئەم خەڵاتە هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی زیاتر تەرکیز بخەمە سەر دۆسیەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت پرسەکانی ژنان و مناڵان".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە توندوتیژی ئەلیکترۆنی جۆرێکە لە "توندوتیژیی بێدەنگ" کە زیاتر ژنانی سیاسی دەکاتە ئامانج و وادەکات لە مەیدانەکە پاشەکشە بکەن، هەروەک مەترسیی بۆ سەر ژیانیان دروست دەکات.
غەمگین محەمەد: هان ژنان دەدەم بۆ کاری رۆژنامەوانی
غەمگین محەمەد، خاوەنی پلەی دوەمی پێشبڕکێکە، خەڵاتەکەی بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە وەسف کرد، ئەو بە نەوژینی وت: "ئەم خەڵاتە ئەرکم قورستر دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتودا بە وردی و بابەتییانەتر کار بۆ کێشەکان بکەم".
غەمگین هانی ژنان دەدات زیاتر رو لەکاری رۆژنامەوانی بکەن و وتی: “داوایان لێدەکەم کار لەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤ و ژنانی قوربانی بکەن“.
لە خولی ئەمساڵدا ١٨ بەشداربو بە ١٧ راپۆرت کێبڕکێیان کرد، لیژنەیەکی پسپۆڕیش بە سەرۆکایەتی (د. کامیل عومەر، د. یاسین تەها و م. بەهادین یوسف) هەڵسەنگاندنیان بۆ کارەکان کرد.