* نەوژین
"میدیا لەبری ئەوەی ببێتە سەکۆی چارەسەر، زۆرجار بە پلان و بەرنامە وێنای ژن بە ناشرینی و بێ ئەرزشی نیشان دەدات"، ئەمە وتەی چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنانە، لە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردی دا.
کەژاڵ عەبدولقادر، لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین ئاماژە بەوە دەکات، کە شەپۆلێکی میدیایی هەیە ئامانج لێی ساردکردنەوەی ژنان و دورخستنەوەیانە لە مەیدانی کار و چالاکی، ئەو دەڵێت: "هەندێک میدیا لەبری ئەوەی ببێتە هێزی هاندەر، بە کردەیی کار بۆ لێدان لە پێگە و ناوبانگی ژنان دەکات تا بێ هیوا ببن".
ئەم چالاکوانە هەروەها پێیوایە لەبارەی پرسی ژنەوە میدیا لە ئاستێکی روکەشیدا ماوەتەوە، دەڵێت: هەواڵی ئاسایی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان، بەتەنها بەس نییە، پێویستە میدیا لەم بازنە تەسکە دەربچێت و راپۆرتی قوڵی بەدواداچون بکات.
کەژاڵ، وەک پێشنیارێک بۆ میدیاکان، پەیامێکی گرنگی بۆ کەمکردنەوەی تاوان دژ بە ژنان هەیە: زۆرینەی ئەوانەی تاوانی کوشتنی ژن ئەنجام دەدەن، دواتر پەشیمان دەبنەوە، ئەگەر میدیا بتوانێت بگاتە ئەو دیوە و پەشیمانی و تراژیدیای پاش تاوانەکە پیشان بدات، بێگومان دەبێتە رێگرێک لەبەردەم ئەوانەی پلانی توندوتیژی دادەنێن.
ئەم رەخنە و پێشنیارانەی کەژاڵ عەبدولقادر، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردیی، کە بە بڕوای ئەو، دەرفەتێکی گرنگە بۆ میدیاکاران تا بگەڕێنەوە سەر پەیامە مرۆییەکەی رۆژنامەگەری و بەشێوازێکی بەهێزتر کار بۆ پاراستنی ژنان بکەن.