* نەوژین
نەبونی ناونیشانێکی سەربەخۆ بەناوی "نەفەقەی نیشتەجێبون" لە یاسای باری کەسیی عێراقیدا وای کردوە بەشێک لە ژنان روبەڕوی بێماڵی ببنەوە، پارێزەرێک هۆشداری دەدات: سستی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئەم کێشەیەی قوڵتر کردوەتەوە.
تێچوی خانو لە چوارچێوەی نەفەقەدا
ئەو تێچوەی بۆ نیشتەجێبونی ژنی جیابوەوە پێویستە، لە یاساکەدا وەک بەشێک لە نەفەقەی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، پارێزەر؛ ئەڤین جبرائیل لەڕێگەی نەوژین ـەوە رونیدەکاتەوە: هەرچەندە بەپێی یاسای ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩، نەفەقە دەبێت تێچوی نیشتەجێبون بگرێتەوە، بەڵام چونکە ناونیشانێکی سەربەخۆی نییە، دادگا ناچارە ئەو پارەیە بخاتە سەر نەفەقەی گشتی ژنەکە یان مناڵەکان وەک بەشێک لە بژێوی رۆژانەیان.
“بۆ دیاریکردنی بڕی ئەو پارەیەش، دادوەر پەنا دەباتە بەر هەڵسەنگاندنی داهاتی پیاوەکە و پێویستی ژنەکە، ئەگەر ژنەکە داهاتی نەبێت یان باری تەندروستی گونجاو نەبێت ئەوا دادگا بڕە پارەیەک بۆ خواردن و جلوبەرگ و تێچوی ماڵ جێگیر دەکات”، ئەڤین جبرائیل، وادەڵێت.
مانەوە لە ماڵی هاوسەرگیری بۆ دو ساڵ
ئەم پارێزەرە سەبارەت بە مافی مانەوە لە ماڵی هاوسەرگیریدا، ئاماژە بە هەموارێکی یاسایی دەکات کە لە ساڵی ١٩٨٣ دەرچوە و دەڵێت: یاسا تەنیا کاتێک رێگە بە ژن دەدات لەوێ بمێنێتەوە کە مافی بەخێوکردنی مناڵەکانی هەبێت، لەو کاتەدا دادگا دەتوانێت بڕیار بدات ژن و مناڵەکان تا دو ساڵ دوای جیابونەوە لە ماڵەکەدا بمێننەوە و پیاوەکە بچێتە دەرەوە، بەو مەرجەی ژنەکە تەنیا بۆ نیشتەجێبون بەکاریبهێنێت.
"کێشەکە لە جێبەجێکردندایە"
ئەڤین جبرائیل، جەختدەکاتەوە کە کێشەی سەرەکی لە خودی یاساکەدا نییە بەڵکو لە جێبەجێکردنی بڕیارەکاندایە، چونکە هەندێک جار پیاوەکە پێش بڕیاری دادگا ژنەکە لە ماڵ دەردەکات یان ئەو نەفەقەیەی دیاری دەکرێت بەراورد بە گرانی بازاڕ ئەوەندە کەمە کە بژێوی ژنەکە دابین ناکات و ناچار دەبێت بگەڕێتەوە خاڵی سفر.
بۆ بڕینی رێگەی بێماڵی چی بکرێت؟
بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، ئەڤین جبرائیل پێشنیار دەکات: سندوقێکی حکومی بۆ دابینکردنی کرێی خانو بۆ ژنانی بێداهات دابمەزرێت و خانەی کاتی بۆ ئەو ژنانە دروست بکرێت کە تا کەیسەکەیان لە دادگا یەکلایی دەبێتەوە شوێنیان نییە، هەروەها دابینکردنی راوێژکاری یاسایی بێبەرامبەر وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ ئەوەی ژنان بەهۆی نەزانییەوە واز لە مافەکانیان نەهێنن.