* نەوژین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بڕیارێکی نوێدا (پام بۆندیی) وەزیری دادی لە پۆستەکەی دورخستەوە. ئەم بڕیارە کە دوێنێ راگەیەندرا، بۆندیی دەکاتە دوەمین ژنە وەزیر لە ناو کابینە سەرەکییەکەی ترەمپ کە لە ماوەیەکی کەمدا لەکار لابدرێت.
ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ)ـەوە سوپاسی بۆندی کرد و لەکارخستنی راگەیاند، هاوکات (تۆد بلانش)ـی وەک جێگرەوەی کاتی لە شوێنەکەی دەستنیشان کرد.
ئەم دورخستنەوەیە تەنها چەند هەفتەیەک دوای لەکارخستنی (کریستی نۆیم) دێت، کە وەزیری ئاسایشی نیشتمانی بو و لە ناوەراستی مانگی ئاداری ٢٠٢٦ بە بڕیاری ترەمپ لادرا.
هۆکاری سەرەکی دورخستنەوەی نۆیم بۆ "سستی لە جێبەجێکردنی پلانی دەرکردنی بەکۆمەڵی کۆچبەران و نارەزایەتی ترەمپ لە ئەدای ئەو وەزیرە لە پاراستنی سنورەکان" گەڕێندرایەوە.
سەبارەت بە بۆندی، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ لە شێوازی کارکردنی ناڕازیی بو، بەتایبەت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیەی جێفری ئێپستین. هەروەها پێیوابوە بۆندی بە سستی کاری کردوە لە راوەدونانی یاسایی نەیارە سیاسییەکانی، ئەمەش وایکردوە متمانەی پێی نەمێنێت و بڕیاری لادانی بدات بۆ ئەوەی کەسێکی تر لە شوێنەکەی دابنێت کە زیاتر لەگەڵ سیاسەتەکانیدا بگونجێت.
بە دورخستنەوەی ئەم دو وەزیرە، لە ئێستادا تەنها سێ ژن لە پۆستی وەزیری سەرەکیدا لە کابینەکەی ترەمپ ماونەتەوە کە بریتین لە: لیندا مەکماهۆن- وەزیری پەروەردە، برۆک رۆڵینز- وەزیری کشتوکاڵ و لۆری چاڤیز دێریمەر- وەزیری کار.
جگە لەمانە، چەند ژنێکی تر لە پۆستە باڵاکانی تری حکومەتدا ماون کە پلەی وەزیریان هەیە، لەوانە (تولسی گابارد) بەرێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، (ئێلیس ستێفانیک) باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و (کێلی لۆفلەر) بەرێوەبەری ئیدارەی پرۆژە بچوکەکان.