* نەوژین
بەپێی ئامارێکی تایبەت کە 'نەوژین' لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دەستیکەوتوە، لە کۆی ٧٣ پۆستی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە لەو سنورەدا، تەنها ٧ـیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن.
بەپێی ئامارەکە کە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سۆران بە نەوژینی داوە، ئەو حەوت ژنەی کە ئێستا لە ئیدارەی سۆران لە پۆستی بەڕێوەبەردان، بریتین لە:
خەدیجە عەلی- بەڕێوەبەری بانک، فەوزییە قادر- بەڕێوەبەری نوسینگەی کارتی نیشتمان، چنور مزەفەر- بەڕێوەبەری پەروەردەی رواندز، زاهیدە ئەحمەد- بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، فەوزییە دەسکۆ- بەڕێوەبەری نوسینگەی قەرزی بچوک، خەڵات حسێن- بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی سۆران و توران خدر- بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی.
بەپێی ئەم ئامارانە، پیاوان (٩٠.٤٪)ـی پۆستەکانی دەڤەرەکەیان بەدەستەوەیە و لە بەرامبەریشدا ژنان تەنها (٩.٦٪)ـی کۆی پۆستەکانیان لایە.
ئامارەکە دەرخەری ئەوەیە کە ژنان لە سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریی، کارگێڕیی، دارایی، پەروەردە و وەرزش، بونیان هەیە؛ بەڵام لە سێتەرە گرنگەکانی وەک: ئەمنی، تەندروستی، کارگێڕی باڵا، شارەوانی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان، هیچ نوێنەرێکیان نییە.