* نەوژین
لە خولی ٩٨ـی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ساڵی ٢٠٢٦، وێنەگری سینەمایی "ئۆتمەن دوراڵد ئارکاپاو" توانی تۆمارێکی مێژویی بنوسێتەوە و ببێتە یەکەمین ژن لە مێژودا کە خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین وێنەگری سینەمایی (Best Cinematography) بەدەستبهێنێت.
ئەم دەستکەوتە تەنها بۆ رەگەزی مێ نەبو بە تەنیا، بەڵکو ئارکاپاو بو بە یەکەمین ژنە رەشپێستیش کە لە مێژودا ئەم نازناوەی پێ ببەخشرێت.
ئارکاپاو ئەم خەڵاتەی لە فیلمی "گوناهباران (Sinners)" وەرگرت، کە لە دەرهێنانی "ریان کوگلەر"ـە.
لە مێژوی ٩٨ ساڵەی ئۆسکاردا، پێش ئارکاپاو تەنها چوار ژن توانیویانە بگەنە قۆناغی پاڵێوراو بۆ ئەم خەڵاتە، بەڵام هیچ کامێکیان نەیانتوانیبو خەڵاتەکە ببەنەوە.
ئارکاپاو کە پێشتر لە فیلمەکانی وەک (Love and Monsters) و (Looking for Alaska) لێهاتویی خۆی نیشان دابو، بەم سەرکەوتنە ناوی خۆی لە ریزی گەورەترین وێنەگرانی هۆڵیود جێگیر کرد.
لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا، ئارکاپاو داوای لە هەمو ژنانی نێو هۆڵەکە کرد کە هەستنە سەر پێ وەک نیشانەیەک بۆ پاڵپشتی و هاوپشتی.
لەوتەی وەرگرتنی خەڵاتەکەشدا بە رێزەوە باسی لەوە کرد کە ئەم سەرکەوتنەی بەرهەمی ماندوبونی ئەو ژنانەیە کە پێش ئەو رێگەکەیان بۆ خۆشکردوە و نەیانهێشتوە خەونەکانیان بوەستێت.