* نەوژین، بەنان فاروق
مهراکۆ عوسمان، ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی سلێمانی و نیشتەجێی شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سویدە، ئەو کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کشتوکاڵ، بەهۆی هەبونی مناڵێکی (ئۆتیزم)، بڕیاری دا بڕوانامەی دبلۆم لە راهێنەری تایبەت بە مناڵان و گەنجانی ئۆتیزم بەدەستبهێنێت و لەگەڵیدا کتێبێکی لەو بارەیەوە بە زمانی کوردی نوسیوە.
مهراکۆ دەڵێت: لەپێناو یارمەتیدانی مناڵەکەم و راگرتنی هاوسەنگی ژیانمان، دەستم بە خوێندن لە بواری ئۆتیزم کرد، دواتر بڕیارم دا ئەو زانستەی فێری بوم بیگەیەنمە دایکان و باوکانی کوردستان، تاوەکو ئەوانیش بتوانن هاوکاری مناڵەکانیان بن.
ئەم خانمە نوسەرە، ماوەی دو ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارییە و لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ دا، یەکەم کتێبی خۆی بە زمانی کوردی دەربارەی حاڵەتەکانی ئۆتیزم (Au) و فرەجوڵەیی و کەمیی سەرنج (ADHD) بڵاوکردەوە.
مهراکۆ دەڵێت: لە کوردستان هۆشیاری دەربارەی تێکەڵبونی هەردو حاڵەتی (Au) و (ADHD) کەمە، کە زۆرجار لە یەک کەسدا پێکەوە دەردەکەون، هەر بۆیە کتێبەکەم وەک سەرچاوەیەک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە نوسیوە.
ئۆتیزم چیە؟
ئۆتیزم تێکچونێکی گەشەی مێشکە و کاردەکاتە سەر شێوازی پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، لە کاتێکدا فرەجوڵەیی و کەمیی سەرنج، بریتییە لە زۆریی چالاکی جەستەیی و زو وەرگەڕانی سەرنج، کاتێک ئەم دوو حاڵەتە لە یەک کەسدا کۆدەبنەوە، تاکەکە پێویستی بە جۆرە پشتگیری و رێنماییەکی تایبەت هەیە کە لەگەڵ هەردو تایبەتمەندییەکە بگونجێت.
دەربارەی کتێبەکە
کتێبەکە ناونیشانی (AuDHD رێنماییە گشتگیر)ـی بۆ هەڵگیراوە و تایبەتە بە خێزانەکان، راهێنەران و مامۆستایانی کەرتی تایبەت، ناوەڕۆکەکەی باس لە: ستراتیژییەکانی پشتگیری و سەرکەوتن بۆ پەروەردەکاران، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوەی تاکەکان بۆ کاریگەرییە دەرەکییەکان و رێنمایی بۆ ئامادەکردنی کەسانی ئۆتیزم (ئاستی یەک و دو) بۆ بازاڕی کار و دابینکردنی بژێوی ژیانیان، دەکات.
پێنج کتێبی نوێی تری لە رێدایە
مهراکۆ تەنها بەم کتێبە ناوەستێت، ئەو ئێستا پرۆژەیەکی فراوانی نوسینی لەبەردەستە کە بریتین لە: کتێبێکی تایبەت بە فێربونی چونە دەستشۆر بۆ حاڵەتەکانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت، کتێبێک تایبەت بە راهێنانی گەنجانی ئۆتیزم، دو کتێبی تری لە قۆناغی نوسیندان کە پەیوەندیدارن بە هەمان بوارەوەیە.
هەروەک پڕۆژەی نوسینی زنجیرەیەک چیرۆکی هەیە بۆ ئەوەی کەسانی ئۆتیزم لەڕێگەی گێڕانەوەوە بتوانن رۆتینی رۆژانەیان پراکتیزە بکەن، چونکە خەیاڵکردن بۆ ئەوان قورسە.
مهراکۆ جەخت دەکاتەوە کە پلانی نییە بەرهەمەکانی وەربگێڕێتە سەر زمانەکانی تر، چونکە ئامانجی سەرەکی ئەو تەنها خزمەتکردنی کتێبخانەی کوردی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردستانە. لە ئێستادا لەڕێگەی پلاتفۆڕمە سۆشیاڵ میدیاکانییەوە بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هاوکاریکردنی خێزانەکان.