* نەوژین
تۆڕی ٨ـی مارس هۆشداری دەدات: زۆرینەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە ساڵی رابردودا، لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە ئەنجام دراون، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە و چەمکی مرۆڤبون وەسف دەکەن.
بەپێی ئەو داتایانەی کە تۆڕی هەشتی مارس کۆی کردونەتەوە و بۆ نەوژین نێردراون؛ لە ساڵی رابردودا ٦٩ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراون، تەنها لە دو مانگی یەکەمی ئەمساڵیش دا ١٣ ژن کوژراون، تۆڕەکە جەخت دەکاتەوە: “زۆرینەی ئەم تاوانانە لە ناو خێزاندا رودەدەن و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە”.
تۆڕەکە داواش دەکات: لێبوردنی گشتی بکوژانی ژنان نەگرێتەوە و فشار بخرێتە سەر حکومەت بۆ سنوردانان بۆ ئەم تاوانانە، هەروەک جەخت دەکەنەوە لە خێراکردنی لێکۆڵینەوەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و رێگریکردن لەوەی کوشتنی ژنان وەک کێشەی کۆمەڵایەتی و سوڵحی عەشایەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە بەشێکی تری راگەیاندراوەکەیاندا تیشکیان خستوەتە سەر دۆخی ژنانی کرێکار و فەرمانبەر، کە پێیان وایە روبەڕوی چەوساندنەوە دەبنەوە و وەک نمونەیەکیش ئاماژە بە گیان لەدەستدانی ژنێکی دوگیان دەکەن لەکاتی کارکردندا لە کارگەیەکی ئاو لە قەزای شارەزور لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا.
تۆڕەکە داوای دابینکردنی یەکسانی لە هەقدەست و پاراستنی کەرامەت و ئاسایشی ژنان لە شوێنی کار دەکات، هاوکات جەخت لە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی توندی چاودێری دەکەنەوە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە هەراسانکردنێک و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی دەرکردنی ژنان لە کار وەک ئامرازێکی گوشار.