ژنان و کورسیی بڕیار؛ جیهان هێشتا لەژێر هەژمونی پیاواندایە
ھەواڵ
2026/03/07 , بینین : 63


* نەوژین

سەرباری ئەو هەنگاوە گەورانەی ژنان لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بڕیویانە، هێشتا کورسییەکانی بڕیاردانی سیاسی لە جیهان دا بە رێژەیەکی بەرچاو لەژێر هەژمونی پیاواندایە، بەپێی شیکارییەک کە ماڵپەڕی (CNN بە عەرەبی) بڵاوی کردوەتەوە: ژنان تەنها لە ٢٦ وڵاتدا لە لوتکەی دەسەڵاتدان.

بەپێی ئەو داتایانەی لە راپۆرتەکەدا خراوەتەڕو، دابەشبونی دەسەڵات لەسەر ئاستی جیهان بەم شێوەیەیە: تەنها لە ٢٦ دەوڵەتدا (لە کۆی ١٩٣ دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان) ژنێک لە پۆستی سەرۆکی دەوڵەت یان سەرۆکی حکومەتدایە، لە کابینەی حکومەتەکاندا، ژنان ٢٢.٩%ـیی پۆستە وەزارییەکان لە جیهاندا بەڕێوەدەبەن و تەنها ٩ وڵات لە جیهاندا هەن کە رێژەی ژنان لە ئەنجومەنی وەزیرانیان دا گەیشتوەتە ٥٠% یان زیاتر.

وڵاتانی بێ سەرۆکە ژنەکان

راپۆرتەکە راستییەکی مێژویی دەردەخات؛ گەیشتن بە پۆستی "کەسی یەکەمی وڵات" بۆ ژنان هێشتا لە چەندین وڵات دەگمەنە: ١٠٩ وڵات لە مێژوی خۆیاندا تاوەکو ئەمڕۆ، هیچ ژنێک نەگەیشتوەتە لوتکەی دەسەڵات، ٥٢ وڵات لە ماوەی حەوت دەیەی رابردودا، تەنها یەک ژن توانیویەتی ببێتە سەرۆکی وڵات یان سەرۆک وەزیران، سویسرا و ئایسلەندا لە پێشەنگی جیهاندان؛ سویسرا بە هەبونی ٧ ژن و ئایسلەندا بە ٥ ژن لە پێگەی سەرکردایەتیدا لە ساڵی ١٩٤٦ـەوە.

پێگەی ژنان لە وڵاتانی عەرەبیدا

لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، تەنها تونس خاوەنی ئەزمونی سەرۆکایەتی ژنە، ئەویش "نەجلا بودن" بو کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت. 

هەروەها لەڕوی نوێنەرایەتیی سیاسییەوە، ئیمارات لە پلەی یەکەمی عەرەبیدایە کە تێیدا ژنان ٥٠%ـی کورسییەکانی پارلەمان و ٢٠%ـی پۆستە وەزارییەکانیان بەدەستەوەیە، دوای ئەویش هەریەکە لە عێراق و مەغریب دێن.

زۆرترین بینراوەکان