کەلسوم و رێژوان لە هەڵەبجە قاوەی قەزوان دروست دەکەن
ئەزمونی من
2026/03/06 , بینین : 53


* نەوژین

"هەمو کارێک لە سەرەتادا قورسە و رەنگە کەس پاڵپشتیت نەکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە کۆڵ نەدەیت"؛ بەم ئیرادەیەوە رێژوان و کەلسوم لە هەڵەبجە، دەستیان بە دروستکردنی قاوەی قەزوان کرد، ئێستا دوای سێ ساڵ کارکردن، لەڕێگەی بەرهەمە خۆماڵییەکانەوە توانیویانە کارێکی سەربەخۆیان هەبێت و بژێوی خۆیان دابین بکەن.

رێژوان دیاری، دەرچویەکی زانکۆیە و دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی بۆ دامەزراندن، بڕیاریدا چاوەڕێی دەستی حکومەت نەکات و یەکەمین ئەزمونی کارکردنی خۆی دەستپێبکات، بیرۆکەی پڕۆژەکە بۆ کەلسوم حسێن ـی هاوڕێی دەگەڕێتەوە، کە وەک مامۆستایەک پێشنیاری کارەکەی کردوە و پێکەوە بڕیاریان دا قاوەخانەیەکی بچوک و جیاواز بکەنەوە کە تەنها بایەخ بە بەرهەمە خۆماڵییەکان بدات.

کەلسوم و رێژوان لەرێگەی نەوژینەوە، باس لە سەرەتای کارەکەیان دەکەن کە بە شێوەی ئۆنلاین و بە کەرەستەی زۆر سادەی وەک "ئەوان و دەستکەوان" دەستیان پێکردوە، رێژوان وتی: لە سەرەتادا قەزوانەکانمان بە دەست ورد دەکرد، بەڵام ئێستا کارەکەمان پەرەپێداوە و لە رێگەی ئامێری تایبەتەوە (دەزگا) بەرهەمەکانمان ئامادە دەکەین.

قەزوان چیە؟

قەزوان کە بە 'پێستەی کێوی' یان بنێشتی کوردی ناسراوە، یەکێکە لە بەرهەمە رەسەنەکانی شاخەکانی کوردستان و جگە لە تامە خۆشەکەی، خاوەنی چەندین سودی تەندروستییە بۆ کۆئەندامی هەرس و بەهێزکردنی بەرگری جەستە، رێژوان و کەلسوم بە هەستکردن بەم بایەخە، ویستویانە ئەم بەرهەمە لە قاڵبی کلاسیکییەوە بگۆڕن بۆ 'قاوەی قەزوان' کە خواردنەوەیەکی تەندروست و سروشتییە و هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێدا نییە، ئەمەش وایکردوە کڕیاران وەک جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ قاوە دەستکردەکان متمانەی پێ بکەن.

رەسەنایەتی و پشتگیریی کڕیاران

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کارەکەیان، پاراستنی رەسەنایەتی بەرهەمەکەیە، ئەوان قەزوانەکە لەو ژنانە دەکڕنەوە کە لە شاخەکانی کوردستانەوە بەرهەمەکە کۆدەکەنەوە و دەیهێننە شار، یان هەندێک جار خۆیان راستەوخۆ دەچن بۆ دابینکردنی کەرەستە خاوەکان، قاوەکەیان بە دو جۆری جیاواز ئامادە دەکرێت؛ جۆرێکیان بە تێکەڵەی شیری وشک و جۆرەکەی دیکەیان بە شێوازی خەست و سادە کە تەنها قەزوانەکەیە.

کەلسوم حسێن، ئاماژەبەوەدەکات کە بەرهەمەکەیان بەهۆی "خۆماڵییبون”ـەکەیەوە کڕیارێکی زۆری هەیە، دەشڵێت: "ئامانجی ئێمە ئەوە بو کار لەسەر بەرهەمە فەرامۆشکراوەکانی ناوخۆ بکەین، هەرچەندە ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەین، بەڵام تەنها شەش مانگە توانیومانە ببینە خاوەنی شوێنی تایبەت بە خۆمان و بە فەرمی کار بکەین.

پەیامێک بۆ ژنان؛ کۆڵ مەدەن

ئەم دو خانمە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان وەک پەیامێک ئاراستەی ژنانی دیکە دەکەن و جەخت دەکەنەوە:  بەبێ هیچ هاوکارییەکی دەرەکی و تەنها بە ماندوبونی خۆمان گەیشتوین بەم قۆناغە، دەشڵێن: هەمو کارێک لە سەرەتادا قورسە و رەنگە کەس پاڵپشتیت نەکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە کۆڵ نەدەیت و لەسەر پێی خۆت بوەستیت.

زۆرترین بینراوەکان