هەرێمی کوردستان؛ لە بەرامبەر هەر چوار هاوسەرگیرییەک، حاڵەتێکی جیابونەوە هەیە
ھەواڵ
2026/02/22 , بینین : 77


* نەوژین

ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ئاماری ساڵانەی چالاکییەکانی دادگاکانی باری کەسێتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە، بەپێی داتا فەرمییەکان، رێژەی هاوسەرگیریی لە هەرێم بەراورد بە حاڵەتەکانی جیابونەوە لە ئاستێکی بەرزتردایە، هەرچەندە ژمارەی جیابونەوەکانیش جێگەی سەرنجن.

ئامارەکانی هاوسەرگیریی

بەپێی داتاکان، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، کۆی گشتی پرۆسەکانی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە ٦١ هەزار و ٣٢٨ حاڵەت، لەڕوی دابەشبونی جوگرافییەوە، پارێزگای هەولێر بە ١٩ هەزار و ٦٢٠ حاڵەت لە پلەی یەکەم دێت، بەدوای ئەویشدا پارێزگای سلێمانی بە ٢٥ هەزار و ٦٨٧ حاڵەت و پارێزگای دهۆک بە ١٢ هەزار و ٩٥٥ حاڵەت، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان ٣ هەزار و ٦٦ حاڵەت تۆمارکراون.

ئامارەکانی جیابونەوە

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی خێزان، ئامارەکان ئاماژە بە تۆمارکردنی ١٥ هەزار و ٨٢٦ حاڵەتی جیابونەوە دەکەن لە ماوەی ساڵەکەدا. لەڕوی دابەشبونی جوگرافییەوە، پارێزگای هەولێر بە ٧ هەزار و ١١٣ حاڵەت لە پلەی یەکەم دێت، بەدوای ئەویشدا پارێزگای سلێمانی بە ٥ هەزار و ٣٦٩ حاڵەت و پارێزگای دهۆک بە ٢ هەزار و ٣٥٤ حاڵەت دێت، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان ٩٩٠ حاڵەت تۆمارکراون.

بەراوردکاریی لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٤

لەکاتی بەراوردکردنی ئەم داتایانە لەگەڵ ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٤، دەردەکەوێت کە هەردو حاڵەتی هاوسەرگیریی و جیابونەوە رویان لە بەرزبونەوە کردوە؛ بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٤دا کۆی گشتی هاوسەرگیرییەکان ٥١ هەزار و ١٨ حاڵەت بوە، بەمەش دەردەکەوێت لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا ئەم رێژەیە بە ١٠ هەزار و ٣١٠ حاڵەت زیادی کردوە.

لە بەرامبەردا، کۆی گشتی جیابونەوەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا ١٢ هەزار و ٣٨٤ حاڵەت بوە، کەواتە لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا رێژەی تەڵاق بە ٣٤٤٢ حاڵەت بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هێشتا رێژەی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرچاو (نزیکەی چوار هێندە) زیاترە لە رێژەی جیابونەوە.

زۆرترین بینراوەکان