* نەوژین
دوێنێ دوشەممە، لە شاری کەرکوک، بزوتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی نیشتمانیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ ئەنجامدا، لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا، ٩ ژن توانییان کورسییەکانی جڤاتی نیشتمانی (سەرکردایەتی) بزوتنەوەکە بەدەستبهێنن.
بەپێی ئەنجامەکان، لە کۆی ٥٩ ئەندامی هەڵبژێردراو بۆ سەرکردایەتی نوێ، ٩ ئەندامیان ژنن، ئەمەش رێژەیەکی کەمتر لە ٢٠٪ـی کۆی گشتی پێکدەهێنێت، لەمبارەیەوە، گوڵستان سەعید، ئەندامی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی گۆڕان، بە نەوژینی راگەیاند: هەمو ئەو ژنانەی بۆ سەرکردایەتی هەڵبژێردراون، بە دەنگی خۆیان و بەبێ پشت بەستن بە سیستەمی کۆتا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
ئەم کۆنفرانسە کە بە مەبەستی رێکخستنەوەی ناوخۆیی و دیاریکردنی رێکخەری نوێ بەڕێوەچو، تێیدا ژنانی بەشداربو هەوڵیاندا لەڕێگەی کێبڕکێی راستەوخۆوە پێگەی خۆیان لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی بزوتنەوەکەدا جێگیر بکەن، دور لە هەر ئیمتیازێکی جێندەریی پێشوەختە.