٧٣٥ هێرشی دیجیتاڵی لە مانگێکدا؛ ژنانی سیاسی لە دهۆک دەکرێنە ئامانج
ھەواڵ
2026/02/09 , بینین : 61

 

* نەوژین

لە نوێترین ئاماردا کە زەنگی مەترسی بۆ ژنانی سیاسی لێ دەدات، تیمی چاودێریی سیستماتیک ئاشکرایدەکات: تەنها لە ماوەی مانگێکدا ٧٣٥ پێشێلکاریی دیجیتاڵی دژی ژنان لە سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجام دراون، دەشڵێت: فەزای دیجیتاڵی بۆ ناوزڕاندن و دورخستنەوەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار بەکاردەهێنرێت.

ئەم پڕۆسەی چاودێرییە کە تیمی چاودێریی سیستماتیک لە پرۆژەیەکی هاوبەشی رێکخراوی ژیندا و رێکخراوی ژنان لەپێناو ژنانی جیهاندا لە دهۆک ئەنجامیانداوە، لەنێوان (٨ـی تشرینی یەکەم تا ٨ـی تشرینی ، دوەمی ٢٠٢٥) و کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقی گرتوەتەوە.

روپێوییەکە دەریدەخات کە ناوەندی شاری دهۆک بە تۆمارکردنی ٥٢٧ حاڵەت، چەقی سەرەکیی توندوتیژییەکان بوە، هاوکات لە قەزاکانی تری سنوری پارێزگاکە پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە دابەشبون: زاخۆ ٦١ حاڵەت، سێمێل ٥٠ حاڵەت و ئامێدی ٤٤ حاڵەت.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم چڕبونەوەیەی توندوتیژی لە ناوەندی پارێزگاکە بۆ قەرەباڵەغی دیجیتاڵی و زیادبونی چالاکیی سیاسیی کاندیدانی ژن لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە.

ژنانی سیاسی و دەنگدەران لەژێر فشاری ناوزڕاندندا

راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە زۆرینەی هەرە زۆری هێرشەکان بە رێژەی ٨٤.٦٪ (٦٢٢ حاڵەت) راستەوخۆ ژنانی سیاسیان کردوەتە ئامانج، کە شێوازەکانی سوکایەتی و گومانخستنە سەر توانا سیاسییەکانیانی گرتوەتەوە، جگە لەوان ١١٣ حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر دەنگدەرانی ژن لە سنوری پارێزگاکە تۆمار کراوە، کە ئامانج لێی دروستکردنی ترس و پاشەکشەپێکردنیان بوە لە بەشداریی سیاسی.

تیک تۆک؛ سەکۆی سەرەکیی گوتاری رق و کینە

سەبارەت بەو پلاتفۆرمانەی بۆ هێرشەکان بەکارهێنراون، تیک تۆک؛ بە ٣٥٨ حاڵەت لە پلەی یەکەمدایە، بەدوایدا ئینستاگرام بە ٢٧١ حاڵەت و فەیسبوک بە ١٠٦ حاڵەت دێن.

راپۆرتەکە دەڵێت: خێرایی بڵاوبونەوەی ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی لەم پلاتفۆرمانەدا، وایکردوە وێنەی کەسی و کەرامەتی ژنانی سیاسی لە سنوری پارێزگاکە بە ئاسانی بخرێتە ژێر هەڕەشەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی پەیماننامەی (CEDAW) و بڕیاری ١٣٢٥ـی نەتەوە یەکگرتوەکانە.

ئەکاوەنتە ساختەکان و بەربەستی بێسزایی

یەکێک لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی ئەم راپۆرتە ئەوەیە کە ٦١٢ حاڵەت لەڕێگەی ئەکاونتی ساختە و بێناو ئەنجام دراون، ئەمەش وایکردوە سزادانی ئەنجامدەران و رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە سنوری پارێزگای دهۆک قورس بێت و کەشێکی "بێسزایی" دروستکردوە کە هانی هێرشبەران دەدات لە شێواندنی ناوبانگی ژنان بەردەوام بن.

دەرەنجام و پێشنیارەکان

راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی بەشداریی سیاسیی ژنان ناتوانرێت لە دابینکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵیی ئارام داببڕدرێت، تیمی چاودێری داوا دەکات کە لە سنوری پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان بە گشتی، سیستەمەکانی لێپرسینەوە و یاساکانی روبەڕوبونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کاراتر بکرێن.

هەروەها داوادەکەن کار لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی ژنان بکرێت بۆ خۆپاراستنی دیجیتاڵی لەکاتی پڕۆسە سیاسییەکاندا.

 

زۆرترین بینراوەکان