* نەوژین
سەرباری هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بنبڕکردنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە، ئامارە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کارە هێشتا بە تەواوی کۆتایی پێ نەهاتوە و لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بە شێوەی جیاواز بەردەوامیی هەیە.
بەپێی ئامارەکانی “رێکخراوی هۆشیاری و گەشەپێدان بۆ ژنان و مناڵان لە عێراق (ئەدوی)"، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، ٧٧ حاڵەتی نوێی خەتەنەکردنی مێینە لە نێوان کچانی خوار تەمەن ١٠ ساڵدا لە شارەکانی هەولێر و رانیە، تۆمار کراون؛ بە شێوەیەک: لە رانیە ٧٤ حاڵەت و لە هەولێریش ٣ حاڵەت.
خەڵات ساڵح، لە رێکخراوی (ئەدوی)، بە نەوژینی راگەیاند: ئەم تاوانە لە ئێستادا شێوازێکی "شاراوە”ـی وەرگرتوە، بونی یاسا و دانانی سزای ماددی و مەعنەوی، وایکردوە خەڵک لە ئەنجامدانی ئەم کارە بترسن، هەر بۆیە هەر کارێک بکرێت زۆر بە نهێنی ئەنجام دەدرێت.
خەڵات ساڵح، جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی توندیی رێکارەکانەوە، ئێستا تەنانەت باسکردنی ئەم بابەتەش لای خێزانەکان بوەتە جێگەی ترس، ئەمەش وایکردوە ئاشکراکردنی حاڵەتەکان و کارکردن لەسەریان ئاڵۆزیی زیاتری تێبکەوێت.