ژن لە هەرێمی کوردستان؛ بون لە پارلەمان و پەراوێزی لە بڕیار
ھەواڵ
2026/02/01 , بینین : 121

 

* نەوژین

"حزبەکان لە پەیڕەودا گۆڕاون، بەڵام لە عەقڵیەتدا نا؛ ژن لای ئەوان تەنها دیکۆرێکی مەدەنییە نەک خاوەن بڕیار”، ئەمە پوختەی توێژینەوەیەکی نوسەر؛ کنێر عەبدوڵای ـیە، کە تێیدا ئاشکرای دەکات دوای سێ دەیە لە حوکمرانی، هێشتا لوتکەی دەسەڵات بۆ ژنان سفرە، لێرەدا ململانێیەک هەیە لە نێوان زیادبونی ژمارەی کورسییەکان و بێبەشکردنی ژن لە جەوهەری بڕیارە چارەنوسسازەکاندا.

عەقڵیەتی سیاسی؛ گۆڕینی پەیڕەو و مانەوەی فیکر

ئەگەرچی لە سێ دەیەی رابردودا حزبە سیاسییەکان پەیڕەو و پرۆگرامەکانیان بە دەستەواژەی مۆدێرن و یەکسانیخوازی رازاندوەتەوە، بەڵام داتاکان دەری دەخەن کە ئەمە تەنها گۆڕانکارییەکی سەرپێیی بوە، کنێر عەبدوڵا لە توێژینەوەیەکدا بەناوی (بەشداری سیاسی ژن لە باشوری کوردستان ١٩٩٢-٢٠٢٤) ئاشکرایدەکات: رێژەی ژنان لە ئۆرگانە خوارەوەکان دا لە سفرەوە بۆ نزیکەی ٢٥٪ بەرزبوەتەوە، بەڵام ئەم هەڵکشانە لە بەردەم ‘دەرگای مەکتەبی سیاسییەکاندا’ دەوەستێت، لە پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حزبەکاندا، هەژمونی پیاوسالاری هێندە قورسە کە رێژەی ژن تێیدا بە سفر ماوەتەوە.

پارلەمان و حکومەت؛ دو وێنەی دژبەیەک لە یەک سیستەمدا

توێژینەوەکە جیاوازییەکی ریشەیی لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا دەخاتە رو: لە پارلەماندا ژنان بە هێزی ‘کۆتا’ توانیویانە رێژەی ٣٠٪ تێپەڕێنن و بگەنە کورسی سەرۆکایەتیش، بەڵام ئەمە زیاتر وەک "ئیلتیزامێکی یاسایی" ماوەتەوە نەک وەک بروایەکی سیاسیی جێگیر. بەڵام لە حکومەتدا وێنەکە لێڵترە؛ پۆستە باڵاکانی سەرۆکایەتی حکومەت و جێگرەکەی بە تەواوی پیاوانەن و وەزیرە ژنەکانیش لە چوارچێوەی (٢ بۆ ٣) وەزارەتدا چەقی بەستوە، ئەمە دەری دەخات کە لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن هێشتا ناوچەیەکی "قەدەغەکراوە" بۆ ژنان.

بۆچی ژنان ناگەنە لوتکە؟ 

توێژینەوەکە پەنجە دەخاتە سەر برینە قوڵەکە: دوانەی عەقڵیەتی سیاسی و دەسەڵاتدارانی سیاسی لە هەرێم، ژن وەک ‘کارتێکی نێودەوڵەتی’ بۆ نیشاندانی سیمایەکی مەدەنی و دیموکراسی بەکاردەهێنن، لەم دیدگایەوە، ژن نەک وەک عبریاردەر و خاوەن فیکر’، بەڵکو وەک ‘جەستە و پاشکۆ’ دەبینرێت. ئەم عەقڵیەتە رێگرە لەوەی ژنان بچنە ناو جومگە ستراتیژییەکانی وەک (ئاسایش، دارایی و پەیوەندییەکان).

قەیرانی ناوخۆیی؛ کاتێک تەکەتول دەبێتە پێوەر نەک لێهاتویی

بەشێکی دیکەی ئەم پاشەکشەیە پەیوەندی بە ناوخۆی کایەی ژنان خۆیانەوە هەیە، کنێر عەبدوڵا رەخنەی توند دەگرێت: ژنان لەنێو حزبەکاندا نەیانتوانیوە "کوتلەیەکی یەکگرتو" دروست بکەن، زۆرینەی ئەو ژنانەی دەگەنە پۆستەکان، لەجیاتی ئەوەی نوێنەرایەتی ئیرادەی سەربەخۆی ژن بکەن، دەبنە دەنگی "تەکەتول و بنەماڵە سیاسییەکان”، بەبڕوای ئەو: ئەمەش وایکردوە ژنانی خاوەن فیکر و کارامە لە پەراوێزدا بمێننەوە و ململانێکان تەنها لە بەرژەوەندیی "کادرە گوێڕایەڵەکان”ـدا کۆتایی بێت.

رێگەی رزگاری؛ لە ژمارەوە بۆ بڕیار

کنێر عەبدوڵڵا دەڵێت: گۆڕانکاری راستەقینە پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەم سیستەمە خێڵەکی-حزبییە هەیە بۆ سیستەمێکی ‘هاوڵاتی-سەنتەر’؛ تا ئەو کاتەی میدیا، پەروەردە و یاسا کار لەسەر گۆڕینی عەقڵی پیاوسالارانە نەکەن، زیادبونی ژمارەی ژنان لە پۆستەکاندا تەنها زیادبونی "ئامارەکان" دەبێت، بێ ئەوەی یەک سانتیمەتر لە جەوهەری بڕیارە سیاسییەکان بگۆڕدرێت.

زۆرترین بینراوەکان