* نەوژین
نەخۆشخانەی فێرکاریی ‘ئافرەتان و لەدایکبون’ لە هەولێر، ئاماری ساڵی ٢٠٢٥ـی بڵاوکردەوە، داتاکان نیشانی دەدەن کە رێژەیەکی بەرچاو لە مناڵبونەکان لەڕێگەی نەشتەرگەریی قەیسەرییەوە ئەنجامدراون، بە شێوەیەک لە کۆی ١٦ هەزار و ٦٧٦ مناڵ کە لەو ساڵەدا لەو نەخۆشخانەیە لەدایکبون، ٦ هەزار و ٤٦٠ـیان بە نەشتەرگەری بوە.
بەپێی ئامارەکە کە کۆپیەکی دەست نەوژین کەوتوە، رێژەی مناڵبون بە نەشتەرگەری گەیشتوەتە %٣٨.٧ـی کۆی گشتیی پڕۆسەکان، لە بەرامبەردا، ١٠ هەزار و ٢١٦ مناڵ بە شێوەی سروشتی لەدایکبون کە رێژەی %٦١.٢ـی تێکڕای پڕۆسەکان پێکدەهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات کە رێژەی ستانداردی جیهانی بۆ نەشتەرگەریی قەیسەری دەبێت لە نێوان %١٠ بۆ %١٥ بێت، بەڵام ئەم ئامارانەی هەولێر نیشان دەدەن کە رێژەکە سێ هێندەی ستانداردە جیهانییەکانە.
ئاماری مردنی دایک و کۆرپەلە
لەڕوی سەلامەتیی پڕۆسە پزیشکییەکانەوە، نەخۆشخانەکە ئاستێکی بەرزی لە پاراستنی ژیانی دایکاندا تۆمار کردوە؛ بە شێوەیەک لە کۆی ئەو هەزاران پڕۆسەیە، تەنیا ١ حاڵەتی مردنی دایک هەبوە، لە بەرامبەردا، گیانلەدەستدانی کۆرپەلە لە هەمان ساڵدا گەیشتوەتە ١٦٨ حاڵەت.
خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و نەشتەرگەرییەکان
هەر بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی رابردودا ٧٤ هەزار و ٢٨٥ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردوە و ٣٥ هەزار و ١٤٧ کەس خەوێندراون، جگە لە مناڵبون، ٨ هەزار و ١٢٥ نەشتەرگەری تری گەورە، مامناوەند و بچۆک ئەنجامدراون، هەروەها ٢٨٨ نەخۆش لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU) وەرگیراون.